رێكخراوێكی جیهانی هاوكاری دەستەی گەشتوگوزار دەكات

:: PM:06:26:25/05/2017 ‌

شانوون ستویل سەرۆكی ڕێكخراوی سەركێشی گەشتیاری جیهانی سەردانی هەرێمی كوردستان كردوو بەڵێنی ناساندی گەشتیاری هەرێمی كوردستانی  بە دەستەی گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا.

ئەمڕۆ پێنجشەم 25ی ئایار/ مایۆ، نادر ڕۆستی گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، شاندی ڕێكخراوی سەركێشی گەشتیاری جیهان ماوەی هەشت رۆژە لە هەرێمی كوردستانن و شارەكان و ناوچە گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستان گەڕاون.

زیاتر گوتی، لە كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی نێوان سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار و سەرۆكی ریكخراوەكە باس لە سەر میكانیزمی هەماهەنگی بەردەوام و هاوكاری ریكخراوی ناوبراو بۆ ناساندنی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان لە سەر ئاستی جیهان كراوە و داوای پاڵپشتی كردنی ریكخراوەكە بۆ بەئەندامبوونی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان لە رێكخراوی گەشتوگوزاری جیهانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان كرا.

روونی كردەوە، سەرۆكی ریكخراوەكە بەڵێنی داوە كە لە رێگەی سۆسیاڵ میدیا و لە رێگەی تیمی رۆژنامەنووسی  و  لە رێگەی ئەو كۆنفرانس و چالاكیانەی ساڵانە ریكخراوەكە دەیكات لە وڵاتانی جیهان كار بۆ ناساندنی گەشتوگوزاری كوردستان بكات.



وشە - رامیار جەواد