تەندروستی هەڵەبجە بڕیاری گواستنەوەی ژمارەیەك پزیشك رادەگرێت

:: PM:11:07:16/09/2017 ‌

دوای ئەوەی بە بڕیاری وەزارەتی تەندروستی، ژمارەیەك پزیشكی نیشتەجێ بەبێ رەزامەندی ئیدارە و بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەڵەبجە بۆ سلێمانی گوازرانەوە، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەڵەبجە دەڵێت كە بڕیارەكەیان راگرتووە، چونكە كێشە كەمی پزیشكیان هەیە.

ئەمڕۆ شەموو قایمقام و جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی هەڵەبجە لەگەڵ چین و توێژەكان كۆبوونەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكە، پاشان كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیان بۆ دەزگەكانی راگەیاندن ڕێك خست.

نوخشە ناسیح قایمقامی شارۆكەی ناوەندی هەڵەبجە رای گەیاند كە لە سەرووی ئێمەوە گواستنەوەی راژەی پزیشكەكان لە پاریزگای هەڵەبجەوە كراوە و بەهیچ شێوەیەك رەزامەند نین، ئاماژە بەوەش دەكات، سەرووی خۆمان ئاگەدار كردووەتەوە لە راگرتنی گواستنەوەی راژەكەیان و لە هەوڵەكانیشمان بەردەوام دەبین بۆ راگرتنی ئەو بڕیارە. 

نوخشە ناسیح ڕوونی دەكاتەوە كە دەبوو پزیشكی پسپۆر بۆ شارەكەمان زیاد بكریت نەوەك راژەی پزیشكانی هەن بگوازرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستە لە هەوڵی بەردەوامدا دەبین بۆ چارەسەركردنی كیشەكە و قسەمان لەگەڵ وەزیری تەندروستی كردووە.

روونی كردەوە، وەزیری تەندروستی پێی ڕاگەیاندین كە هۆكاری گواستنەوەی پزیشكە موقیمەكان لە هەڵەبجەوە بۆ سلێمانی نەبوونی نەخۆشخانەی فێركاریە لە هەڵەبجە، بەڵام بەڵێنی چارەسەركردنی كێشەكانی پێ داوین.

لای خۆیەوە لە كۆنگرەكەدا سنوور حامید، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە رای گەیاند كە بەگوێرەی‌ ئەو دەسەڵاتەی پێمان دراوە، فەرمانی گواستنەوەی پزیشكە موقیمەكانمان ڕاگرتوە، چونكە كێشەی كەمی پزیشكمان هەیە لە هەڵەبجە.

هەڵەبجە/ شەفیق بانی شاری



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل