مەترسی لەسەر سلێمانی دروست دەبێت

:: PM:02:54:31/10/2017 ‌
پارێزگاری سلێمانی لەبارەی ئەنجامدانی خۆپیشاندان و گردبوونەوە، پەیامێكی بەپەلەی بڵاو كردەوە و ڕای گەیاند، لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەگەر هەر كەس و لایەنێك مەرامی تێكدانی لایەنی تەناهیی شاری هەبێت، بەگوێرەی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت، چونكە ئێستە هەر خۆپیشاندانێك مەترسی لەسەر شارەكە دروست دەكات.

ئەمڕۆ سێشەم 31ی تشرینی یەكەم، عومەر قەڵادزێی لەبری پارێزگاری سلێمانی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی ئەنجام دا و ڕای گەیاند، پەرلەمان یاسای تایبەت بەخۆپیشاندان و گردبوونەوەی جەماوەری دەركردووە، بۆیە دەبێت هەر گردبوونەوە و خۆپیشاندانێك دەكرێت لە چوارچێوەی یاساكاندا بێت و مەترسی نەبێت بۆ تێكدانی ئاسایشی شارەكە.

زیاتر گوتی، لە ڕۆژانی داهاتوودا هەر كەس و لایەنێك مەرامی تێكدانی لایەنی تەناهیی شاری هەبێت، بەگوێرەی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت و دواجاریش ڕێ بەهیچ گردبوونەوە و خۆپیشاندانێكی بێ مۆڵەت نادرێت، چونكە لەم دۆخەی ئێستە مەترسی دەخاتە سەر سلێمانی.

 


وشە - سه‌رخێڵ هاشم