سەرەڕای زۆری كێڵگەی بەخێوكردنی پەلەوەر مریشك لە دەرەوە دێتە دهۆك

:: PM:05:15:22/11/2017 ‌

پارێزگای دهۆك زۆرترین ژمارەی پڕۆژەی بەخێوكردنی مریشكی لە هەرێمی كوردستان هەیە و 95% مریشكی دهۆك بە شێوەی زێندوو و سەربڕاوی رەوانەی پارێزگا و ناوچەكانی تری هەرێم كوردستان و باشووری عێراق دەكرێت، بەڵام لە بەرانبەردا مریشكی هاوردە دێتە دهۆك.

ئیبراهیم سدیق خاوەن پرۆژەیەكی بەخێوكردنی مریشكە لە سنووری شارۆكەی ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆك بە "وشە"ی راگەیاند، ماوەی دوو ساڵە خەریكی بەخێوكردنی مریشكین، بەڵام تا ئێستە هیچ هاوكارییەكمان لە حكوومەتەوە پێ نەگەیشتووە و ئەمەش كاریگەری لەسەر كاری ئەوانەوە كردووە.

زیاتر گوتی، شەڕ و ئاڵۆزییەكانی عێراق و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی كارگێڕی هەرێمی كوردستان، كاریگەری لەسەر نرخی مریشك و تەنانەت بەخێوكردنی مریشكیش كردووە، چونكە بەخێوكردنی مریشك لە هەرێمی كوردستان زیاد لە پێداویستی هەرێمی كوردستانە، ئەوەتا لە سنووری پارێزگای دهۆك رێژەیەكی زۆری پڕۆژەی بەخێوكردنی مریشك هەیە و چەندان جار لە پێداویستی خەڵكەكە زیاترە، لەبەر ئەوە داوا لەلایەنی پێوەندیدار دەكەین كە هاوكارمان بن بۆ فرۆشتنی بەرهەمی مریشك، بە تایبەتی بۆ كردنەوەی رێگە بۆ ئەوی مریشك رەوانەی پارێزگا و ناوچەكانی تری عێراق بكەین، جیا لەوەش مریشكێكی زۆر هاوردەی پارێزگای دهۆك دەكرێت.

سەباح باپیری سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك بە "وشە"ی راگەیاند، بەخێوكردنی مریشك لە سنووری پارێزگای دهۆك بەردەوامە و تەنیا لە سنووری پارێزگاكە 165 پڕۆژەی بەخێوكردنی مریشك هەیە.

زیاتر گوتی، وێڕای ئەوەی كە ژمارەیەكی زۆر پڕۆژەی بەخێوكردنی مریشك لە دهۆك هەیە، بەڵام بۆ دەستكەوتنی مریشك بۆ ئەوەی لە نێو بازاڕەكاندا بفرۆشرێت، مریشكی هاوردە دێتە دهۆك، چونكە ئێستە 95% مریشكی پڕۆژەكانی دهۆك رەوانەی بازاڕەكانی پارێزگا و ناوچەكانی تری هەرێمی كوردستان و باشووری عێراق دەكرێت.

پێشتر چەندان جار گلەیی ئەوە دەكرا كە لە نێو سەنتەری شار و شارۆكەكانی پارێزگای دهۆك مریشكی زیندوو نافرۆشرێت، ئەمەش هاووڵاتییان و خاوەن پڕۆژەكانی مریشك لە سنووری پارێزگای دهۆك نیگەران كردووە.

لەمبارەیەوە باپیری رای گەیاند كە دوای ئەوەی ئەو كێشە گەیشتە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك كە مریشكی زیندوو لە نێو سەنتەری شاری دهۆك و شارۆكەكانی سەر بە پارێزگای دهۆك نافرۆشرێت، لەگەڵ لایەنی پێوەندیدار بەدواداچوونمان كرد و گەیشتینە ئەوەی كە پێویستە بە پێی چەند مەرجێك، بە تایبەتی مەرجە تەندروستی و یاساییەكان رێگە بدرێت بە فرۆشتنی مریشكی زیندوو لەنێو سەنتەری شارۆكەكانی پارێزگای دهۆك، وەكو چۆن لە هەولێر و سلێمانی دەفرۆشرێت و ئێستە لە دهۆكیش دەتوانن مریشكی زیندوو بفرۆشن.

سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك رای گەیاند كە لە سنووری پارێزگای دهۆك كار بۆ دروستكردنی حەوت پڕۆژەی تری بەخێوكردنی مریشك و دوو سەربڕخانەی مریشك دەكرێت.

رای گەیاند، ئێستە لە سنووری پارێزگای دهۆك تەنیا یەك سەربڕخانەی هەیە، لەبەر ئەوە بەشی هەرە زۆری مریشكی دهۆك رەوانەی دەرەوەی شارەكە دەكرێت، بە شێوەیەك 45% مریشكی دهۆك رەوانەی پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی دەكرێت، 5%ی لە شاری دهۆك دەفرۆشرێت و ئەوانی تریش پێش رووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەر رەوانەی ناوچەكانی تری باشووری عێراق دەكران.

پارێزگای دهۆك لە حەوت شارۆكە و نێزیكەی 20 شارەدێ پێك دێت و ناوچەیەكی لەبارە بۆ بەخێوكردنی پڕۆژەی مریشك و بەخێوكردنی مەڕ و ماڵات، هاوكات ناوچەیەكی لەباریشە بۆ چاندنی هەموو جۆرە بەرووبوومێكی كشتوكاڵی.

دهۆك/ نەوزاد هلۆری



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل