وەزیری دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دیداری لەگەڵ باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق ئاشكرای كرد، جێبەجێكردنی پڕۆژە یاسای چاكسازی كە ئێستە لە پەرلەمانی كوردستانە، مانگانە 150 ملیار دینار پارە بۆ خەزێنەی گشتی دەگەڕێنێتەوە و كاریگەری لەسەر باشتركردنی پێدانی مووچەی كارمەندانی هەرێمی كوردستان دەبێت.
لە ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە وێنەیەكی بۆ "وشە" نێردراوە و تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ دووشەم ڕێباز حەملان وەزیری دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەل جۆن ویلكسی باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق و مارتن وار كونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان كۆ بوونەتەوە، باڵوێزی نوێی بەریتانیا لە عێراق جۆن ویلكس لە دیدارەكە ئاماژەی داوە، لە كۆبوونەوەمان لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا و هەولێر پێمان گوتوون، بەریتانیا بە بایەخەوە لە دەست پێكردنەوەی گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا دەڕوانێ و پێویستە كۆبوونەوەی ڕاستەوخۆ هەبێ و ئەوانەیشی كە ئێستە هەن بەردەوامیان هەبێ.
لە بەشێكی تری ڕاگەیەنراوەكە هاتووە كە باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق پێداگیری وڵاتەكەی پێشان داوە، بۆ پێدانی مافە دەستوورییەكانی هەموو لایەك و سووربوونی لەندەنیشی دووپات كردووەتەوە لەسەر دەسكاریكردنی پڕۆژە یاسای بودجەی 2018ی عێراق.
هاوكات ڕێباز حەملان وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان لە دیدارەكەدا ڕای گەیاندووە، پێویستە بەریتانیا ڕۆڵی زیاتری هەبێ لە نێوەندگیری هەولێر و بەغدا، وەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەین داواكارییەكان بۆ وردبینی لە لیستی مووچەخۆران و چاودێری خاڵە سنوورییەكان و فڕۆكەخانەكان جێبەجێ بكەین.
وەزیری دارایی و ئابووری كوردستان هێمای بۆ ئەوەیش كردووە، حكوومەتی كوردستان پڕۆژەیەكی چاكسازی ئاراستەی پەرلەمان كردووە، بۆ ڕێكخستنەوەی مووچەی خانەنشین و دەرماڵەكان، بەگوێرەی پڕۆژە یاساكەیش مانگانە 150 ملیار دینار بۆ خەزێنەی گشتی دەگەڕێتەوە، ئەمەیش كاریگەری لەسەر پێدانی مووچە دەبێت.
لە ڕاگەیەنراوەكە هاتووە، ڕێباز حەملان باسی راپۆرتی كۆمپانیای دیلۆتی كردووە كە ئاراستەی پەرلەمان كراوە، تا چاكسازی لە كەرتی نەوت و دارایی بكرێ و بە ڕوونی دیار بێ.