لە دوو مانگی داهاتوو بڕە پارەیەك لە هاووڵاتییان وەردەگیرێت

:: PM:07:14:15/02/2018 ‌

بەهۆی گۆڕانكاری لە پسووڵەی خۆراك و نوێبوونەوەی پسووڵەی خۆراك بە پێی بڕیارێكی وەزارەتی بازرگانی عێراق هەر خێزانێكی عێراقی بە هەرێمی كوردستانیشەوە پێویستە لە دوو مانگی داهاتوودا بڕە پارەیەك بە بریكارەكانی خۆراك بدەن.

ئەمڕۆ پێنجشەم 15ـی شوبات، سەید حسێن سەید محەمەد خاوەنی بریكارنامەی خۆراك لە هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی بازرگانی ئاگەدار كراوینەتەوە كە ژمارەی خێزانەكانیان بۆ بنێرین تا بزانن دواین ژمارە چەندە.

ئەو بریكارنامەیەی خۆراك دەڵێت، بۆ دوو مانگی داهاتوو لە كاتی دابەشكردنی خۆراك پسووڵەی نوێش دابەش دەكرێـت و هەر خێزانێك جگە لە پارەی خۆراكەكە پێویستە پارەی پسووڵەكەیش بدات.

پێویستە هەر خێزانێك لە بەرانبەر وەرگرتنەوەی پسوولەی خۆراكی نوێ‌ بڕی هەزار دیناری عێراقی بدات ئەوەش جێگیر كراوە و ساڵانی ڕابردووش هەر وابووە.

نەوزاد ئەدهەم بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بۆ هەر خێزانێك بڕی هەزار دینار بەرانبەر پسوولە وەردەگیرێت و پێدەچێت لەو مانگەدا پسوولەی نوێی خۆراك دابەش بكرێت.

عێراق ئێستە لە ژێر بەندی حەوتی نەتەوە یەكگرتووەكان هاتۆتە دەرەوە، بەڵام هێشتە دەبێت پرسی پێدانی نەوت بەرامبەر خۆراك جێ بەجێ بكات ئەوەش بۆ باشتر كردنی ڕەوشی هەژاران لە عێراق.
 



وشە - رامیار جەواد