چەند فەرمانگەیەكی حكوومەت یەك دەخرێنەوە

:: PM:08:23:22/02/2018 ‌
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ڕای گەیاند، لە چوارچێوەی پڕۆژەی چاكسازی لە مووچەی خانەنشینی و ئیمتیازاتەكان داوا كراوە كە بەرێوەبەرایەتییەكانی خانەنشینی هەڵبوەشێتەوە و یەك دەزگە دابمەزرێت كە لەچوارچێوەی وەزارەتی دارایدا بێ.

پڕۆژەی چاكسازی لە مووچەی خانەنشینی هەرێمی كوردستان ئێستە لە پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆی لەسەر دەكرێت و تا ئێستە شەش مادەی لێ‌ پەسەند كراوە، بە گوێرەی لێدوانی پەرلەمانتارانیش بەپێی پڕۆژەكە نابێت بڕی خانەنشینی لە 400 هەزار كەمتر بێت و پڕۆژەكەش بە سەتان ملیۆن دینار بۆ حكوومەت دەگەڕێنێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 22ی شوبات، تەلار لەتیف ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، گفتوگۆكان لەسەر پڕۆژەی چاكسازی لە مووچە و ئیمتیازی خانەنشینی بەردەوام دەبێت و بەپێی پڕۆژەكەیش چەندان گۆڕانكاری لە مووچە و ڕێژەی خانەنشینی دەكرێت.

زیاتر گوتی، بڕیار دەدرێت كە بەرێوەبەرایەتییەكانی خانەنشینی هەڵبوەشێنرێتەوە و بەجۆرێكی تر یەك بخرێت دواتر وەك دەزگەیەكی تر بچێتە چوارچێوەی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

ئەندامەكەی پەرلەمانی كوردستان گوتی، یەكخستنی فەرمانگەكان هێزەكانی یەكەی 80 و 70ی پێشمەرگەیش دەگرێتەوە و فەرمانگەكانی ئەوانیش یەك دەخرێنەوە و بەتایبەت ئەوەی پێوەندی بە داراییەوە هەبێ‌ دەچێتەوە سەر وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

دوای چەند مانگێك لە دواخستنی پڕۆژەی چاكسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە، دواتر پەرلەمان لە ڕێگەی شەش لیژنەوە گۆڕانكاری لە پڕۆژەكەدا كرد و ماوەی دوو ڕۆژە بە ئامادەبوونی وەزیر و بەرپرسانی پێوەندیدار گفتوگۆ لەسەر ئەو پڕۆژەیە دەكرێ‌، كە پێدەچێ پەسەند كردنی بكەوێتە كۆتای هەفتەی داهاتوو.
 




وشە - سه‌رخێڵ هاشم