هەفتەی داهاتوو مووچەی تەواوی فەرمانگەكانی حكوومەت دابەش دەكرێت

:: PM:08:00:12/04/2018 ‌
هەفتەی داهاتوو مووچەی چەند دامەزراوەیەكی تری حكوومەتی هەرێمی كوردستان دابەش دەكرێت و مووچەی هێزەكانی ناوخۆیش دەكەوێتە ناوەڕاستی هەفتەكەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 12ـی نیسان/ ئەپریل، سەرچاوەیەك لە یەكێك لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی سەر بە وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لەلایەن گەنجینەوە ئاگادار كراوینەتەوە ڕۆژی یەكشەم مووچەی وەزارەتی كار دابەش دەكرێت.

ئەو سەرچاوەیە زیاتر گوتی، داوامان لێ كراوە ڕۆژی یەكشەم ژمێركارانمان ئامادەبن بۆ وەرگرتنی پارەی فەرمانبەران دوای واژووكردنی چەكی پارەكان.

هاوكات سیامەند دەرگەڵەیی بەڕێوەبەری گەنجینەی سۆران لە لاپەڕی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، مووچەی وەزارەتی ناوخو بەهەمان سیستەمی مووچەی فەرمانبەرانی شارستانی دەبێت جگە لە یەكەی پاسەوانی لە زێرەڤانی و یەكەی پاسەوانی لە بەرگری و فریاكەوتنی سلێمانی پاسەوانی لە بەرێوەبەرایەتی گشتی پۆلیس.

بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی دراون بە "وشە" لەسەرەتای هەفتەی داهاتوو مووچەی وەزارەتی ڕۆشنبیری و ناوەڕاستی هەفتە مووچەی وەزارەتی ناوخۆ ئامادە دەكرێت، هەروەها لە ئەگەری ئامادەبوونی لیستی مووچەی وەزارەتەكانی تر كە ماون مووچەكانیان دابەش دەكرێت.

ڕۆژی 27ـی ئادار سەرۆكی حكوومەت و وەزیری دارایی سیستەمی نوێیان بۆ پاشكەوتی مووچە ڕاگەیاند كە بەگوێرەی ئەو سیستەمە، ڕێژەی پاشكەوت %30 تێپەڕ ناكات لە مووچەی فەرمانبەری ئاسایی.



وشە - رامیار جەواد