جۆرە ئۆتۆمبێلێك لە كوردستان قەدەغە دەكرێ

:: PM:03:50:02/05/2018 ‌
بەپێی بڕیارێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئۆتۆمبێلی جۆری پەڕشووت تەقیو و ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە پشكنین دەرناچن، نابێت بهێنرێن بۆ هەرێمی كوردستان و دەگەڕێنرێنەوە شوێنی خۆیان.

ئەمڕۆ سێشەم دووی ئایار، نەقیب هێرش سەعید ئەفسەر لە بەشی هونەری هاتوچۆی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەپێی بڕیارێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ١٥-٥-٢٠١٨ ـەوە پشكنینی كۆمپیوتەری بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانە دەكرێت كە هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێن.

ئەو ئەفسەرەی هاتوچۆ دەڵێت، پشكنینەكان بەتایبەتی ئەو ئۆتۆمبێلانە دەگرێتەوە كە سیستەم كراون یا ئێرباگیان تەقیوە، بۆیە ئەگەر هەر ئۆتۆمبێلێك لەو پشكنینە دەرنەچێت، دەگەڕێنرێتەوە بۆ وڵاتی هاوردە و ڕەت دەكرێتەوە، بۆیە پێویستە بازرگانانی هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل پابەندی یاسا و ڕێنوێنییەكان بن تا ڕووبەڕووی زیان و گرفت نەبنەوە.

هاوكات كارزان مەجید گوتەبێژی هاتوچۆی گەرمیان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەو بڕیارە زیاتر پێوەستە بە هاتوچۆی پارێزگاكان كە بە دەروازە سنوورییەكان پابەند دەكرێن.

پێشتر هەفتەنامەی "وشە" چەند ڕاپۆرتێكی لەسەر مەترسی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە خستووەتەڕوو كە بە ئۆتۆمبێلی لەنگە ناسراون، هەریەكەیان خێرایییان بگات بە 100، ئەوا هیچ دڵنیایییەكیان نییە. 



وشە - رامیار جەواد