چوار سەعات دوای خواردنی گوێز چی لە جەستەت ڕوو دەدا

:: PM:02:48:20/06/2018 ‌
به‌گوێره‌ی نوێترین توێژینەوەی پزیشكی دەركەوتووە، خواردنی بڕێكی دیاریكراوی گوێز لە رۆژێكدا لە نەخۆشییەكانی دڵ دەتپارێزێ و تەنیا دوای چوار سەعات لە خواردنی گوێز هەست بە گۆڕانكارییەكی زۆر دەكەیت لە بەشی ناوەوەی لەشت، وەكو ئاسایی بوونەوەی ئاستی كۆڵیسترۆڵ و نەرمبوونەوەی بۆڕییەكانی خوێن و چالاكبوونی سوڕی خوێن.

د.پێنی كریس توێژینەوەیەكی لەسەر گرنگی خواردنی گوێز ئەنجام داوە و لە ئەنجام دا بۆی دەركەوتووە، بە كارهێنانی بڕێكی كەم گوێز یان زەیتی گوێز هەفتەی 4 رۆژ بەشێوەیەكی زۆر مەترسییەكانی نەخۆشی دڵ كەم دەكاتەوە.

بۆنمونە خواردنی 51 گرام كە دەكاتە سێ‌ كەوچك لە زەیتی گوێز، دەتوانێت سوڕی خوێن بە تەواوی چالاك بكات، تەنیا دوای چوار سەعات لە بەكارهێنانی ئەم زەیتە.

زەیتی گوێز زۆر گرنگە بۆ خانەكانی لەش بەتایبەتی خانەكانی ئەندۆتهەلیال كە ئەم خانانە رۆیشتنی خوێن زیاد دەكەن و بۆڕییەكانی  خوێن نەرم دەكاتەوە.

سوودەكانی گوێز
زۆرترین توێژینەوە لەسەر گوێز ئەنجام دراوە و دەركەوتووە زۆر بەسوودە بۆ لەش بەتایبەتی گرنگە بۆ نەخۆشییە دەروونییەكان، چونكە گوێز توانای مێشك زیاد دەكات و یارمەتی چالاكبوونەوەی خانەكانی مێشك دەدات.

بۆچی گوێز زۆر تەندروست و سوودبەخشە؟
گوێز یارمەتی بەرهەمهێنانی ڕژێنی چیمۆتریپسین و تریپسین دەدات، كە یارمەتی بەرهەمهێنانی ڕژێنەكانی هەرس دەدەن، تا بەشێوەیەكی كەمتر گوێز بەكاربهێنرێت ئەم ڕژینە چالاكتر دەبێت، پاشان لە ڕێی خوێنەوە دەمژرێت و یارمەتی  پاككردنەوەی خوێن و سیستەمی لیمفی دەدات.

چۆن گوێز لە ژەمەكاندا زیاد بكرێت؟
چەندان ڕێ هەیە بۆ خواردنی گوێز و زیادكردنی لە ژەمەكاندا وەكو پرژاندنی گوێز بەسەر ئەو نانەی كە دروستی دەكەیت یان زەڵاتە، یان زیادكردنی گوێز بۆ ئەو هەویرەی كە بە كاری دەهێنیت، بەمشێوەیە بڕێكی زۆر ڤیتامین E، میلاتۆن، ئۆمێگا 3 ، دژە ئۆكسید بە لەشتان دەگات.



وشە - ئاوات ئازاد