تەرمی گەنجێكی هەولێر لە ئاكرێ دۆزرایەوە

:: AM:11:14:21/06/2018 ‌
پاش پێنج ڕۆژ لە خنكانی لە ڕووباری زێی گەورە، ئەمڕۆ پێنجشەم تەرمەكەی دۆزرایەوە و ڕەوانەی پزیشكی دادی هەولێر كرا، تا توێكاری و لێكۆڵینەوەی لەسەر بكرێ.

فیراس یاسین بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگری شارستانی ئاكرێ بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ڕۆژی دووەمی جەژن كۆمەڵێك گەنجی ناوچەی بێتاسی سەر بە پارێزگای هەولێر بۆ مەلەوانی و كات بەسەربردن ڕوویان لە ڕووباری زێی گەورە لە سنووری شارەدێی بجیلیان كردووە، یەكێك لەو گەنجانە لە كاتی مەلەكردن نقووم بووە و خنكاوە.

زیاتر گوتی، گەنجەكە ناوی محەمەد ئیسماعیلە و تەمەنی 24 ساڵە و قوتابی زانكۆی سەڵاحەدینە لە هەولێر، لە دووەم ڕۆژی جەژن و لەوكاتەی خنكاوە، تیمەكانی مەلەزانی بە دوای تەرمەكەی دەگەڕێن، ئەمڕۆ پێنجشەم تەرمەكەی دۆزرایەوە، هەریەك لە تیمەكانی بەرگریی شارستانی ئاكرێ و كەڵەك و سۆران بە دوای تەرمەكەی گەڕاون، بەڵام شوانێك لە نزیك قەندیل لە شارەدێی بجیل توانیویەتی تەرمەكەی بدۆزێتەوە و بەرگری شارستانی لێ ئاگادار كردووەتەوە.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستە دوو كەس لە ئاكرێ و 13 كەسیش لە دهۆك بەهۆی ئاوی ڕووبار و بەنداوەوە خنكاون، تا ئێستەیش بەشێكیان تەرمەكانیان نەدۆزراوەتەوە.

ئاكرێ/ نەوزاد هلۆری.





وشە - باز ئه‌حمه‌د