هەڵبژاردنی توركیا.. دوا هەلی ئۆپۆزسیۆن بۆ رزگاربوون لە ئەردۆغان

:: PM:06:31:23/06/2018 ‌

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا هەموو هەوڵێك دەدات بۆ ئەوەی كێبەركێی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە توركیا نەچێتە دووەم قۆناغ لە هەڵبژاردنی سبەی یەكشەم، كە پێ دەچێت ئەو كەسایەتییەكی لە رۆژئاوا وەك پیاوە بەهێزەكە دەناسرا، ئێستە لە لاوازترین حاڵەتەكانیدا بێت.

ئەردۆغان كاتێك هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆكایەتی راگەیاند كە هاوكات لەگەڵیدا هەڵبژاردنی گشتی ئەنجام دەدرێت، ئەو ویستی سوود لە دابەشبوونی ئۆپۆزسیۆن وەربگرێت و زۆرینەیەكی رەها بۆ خۆی و پارتی داد و گەشەپێدان بەدەست بێنێت، بەڵام پێ دەچێت گرەوەكەی هەڵە بووبێت كاتێك ئەمڕۆ بەتەنیایە لە بەرانبەر تەنگژەی توركیا. 

چونكە پارتەكەی بنكەی سیاسییە فرەوانەكەی لەدەست داوە كە سەرچاوەی هێزی بوو بەوەی تاكە پارتە بتوانێت دەوڵەمەندی و سەقامگیری و بووژانەوە بۆ توركیا فەراهەم بكات. بەتایبەتی كە بەم دواییە رێژەی هەڵاوسان بەرز بووەتەوە و لیرەی توركی پێنجیەكی بەهاكەی لەدەست دا لە بەرانبەر دۆلار و جموجۆڵی رۆیشتنی سەرمایەداران بۆ دەرەوەی ئەو وڵاتە زیادی كرد. 

هیسیار ئۆزۆی، كاندیدی پارتی گەلی كۆماری بۆ پەرلەمان دەڵێت، ئەگەر توانیمان ئەردۆغان ناچاری گەیشتن بە دووەم خولی كێبەركێكە بكەین ئەگەری هەموو شتێك هەیە، ریان گینگراس مامۆستا لە كۆلیژی دەریاوانی سەربازی لە كالیفۆرنیا دەڵێت، توركیا بووەتە نموونەیەكی ساكار لەسەر ناسەقاگیری، ئێمە نازانین كاردانەوەی كۆمەڵگەی توركیا چی دەبێت، ئاخۆ ئۆپۆزسیۆن یان ئەرۆدغان دەیبەنەوە؟، هەموو ئەگەرێك هەیە. 

هەڵبژاردنی توركیا هاوكاتە لەگەڵ ململانێی حكوومەتی ئەو وڵاتە لەگەڵ كورد و دەستوەردانی سەربازی لە وڵاتانی دراوسێ لە سووریا و عێراق، جیا لە ئاڵۆزییەكانی نێوان توركیا و ئەمەریكا و وڵاتانی رۆژئاوا، بۆیە تا ئێستە كۆمەڵگای توركیا دابەشە بەسەر دوو بەش، لایەنگرانی ئەردۆغان و نەیارانی، بەڵام بۆ یەكەمجارە كە نەیارانی بەمتمانەوە یەكگرتوون بۆ كۆتاهێنان بەدەستگرتنی ئەردۆغان بەدەسەڵاتەوە. بۆیە هەڵبژاردنەكە وەك ئەوەیە كە ئۆپۆزسیۆن دوا گولەی لە دەمانچەكەیەوە هەڵگرتبێت و خۆی ئامادە كردووە سبەی یەكشەم بە رووی ئەردۆغانی بتەقێنێت، بۆیە ئەم هەڵبژاردنە دوا هەلە بۆ توركیای عەلمانی. 

ئەگەر سبەی ئەردغان بیباتەوە ئەوە هەمواركردنی دەستووری كە پارساڵ بڕیاری لەبارەوە درا دەیخاتە واری جێبەجێكردن و بەپێی ئەو هەمواركردنەوەیش زۆرینەی دەسەڵاتەكان لە سەرۆك وەزیران وەردەگیرێتەوە و سەرۆكی وڵات دەبێتە سوڵتانێكی خاوەن دەسەڵاتی رەها. بۆیە پێ ناچێت رۆژئاوا بەرگەی مانەوەی زیاتری ئەردۆغان بگرێت و دیپلۆماتكارانی ئەوروپا دەڵێن، ئەردۆغان نیشانەیەكی بازرگانی ژەهراوی لە ئەوروپا دروست كردووە. بەڵام هاوكات ئەوان نیگەرانن لە سەقامگیریی دەوڵەتێكی دراوسێیان كە خاوەن 81 ملیۆن هاووڵاتییە لەدوای دۆڕاندنی ئەردۆغانەوە.

شرۆڤەكاران دەڵێن كە رەنگە ئەردۆغان گۆڕانكاری ئەنجام بدات لە رێگەی دەست سووككردن لەبەرانبەر نەیارانییەوە و دەستكردن بەچاكسازی ئابووری لە توركیا و هەوڵدان بۆ باشتركردنی پێوەندییەكانی لەگەڵ رۆژئاوا، بەڵام عەبدولەتیف سینیر، یاریدەری سەرۆك وەزیرانی پێشوو و كاندیدی ئێستەی پارتی گەلی كۆماری دەڵێت، ئەگەر ئەردۆغان بڕیاری گەڕانەوە بۆ دیموكراسیەتێكی زیاتر بدات خۆی دەخاتە ناو مەترسییەكی گەورەوە، پێویستە دامەزراوەكانی دەوڵەت لەژێر دەسەڵاتی خۆی بێڵێتەوە، چونكە ئەگەر ئەوە نەكات توانای مانەوەی نابێت.  

رۆژنامەی "هائارتیس"ی ئیسرائیلی لە راپۆرتێكی بەناوی (ئەردۆغان لەمەترسیدایە؟)، دەڵێت، دوێنێ هەینی ئەردۆغان بەشداری لە حەوت كۆنگرەی هەڵبژاردن لە ئیستەنبووڵ كرد، ئەو بەلایەنگرانی خۆی گوت كە متمانەم بە گەلی توركیا هەیە و ئەوانم خۆش دەوێت و ئەو گەلەش وتەی خۆی دەڵێت و وەڵامی ئۆپۆزسیۆن دەداتەوە، بۆیە ئەو هەڵبژاردنەی سبەی توركیا بە پێوەری هێزی ئەردۆغان دادەنرێت.

بەپێی رۆژنامە ئیسرائیلییەكە ئۆپۆزسیۆنی توركیا دەڵێن كە دۆخی ئابووری توركیا بەرەو خراپییە، بۆیە ئەردۆغان بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی دا تا بەنەرێنی كار نەكاتە سەر دەنگەكانی، لەو كاتەی بەشێكی دەڵێن ئەردۆغان ویستی سوود لە سەركەوتننەكانی سوپای توركیا ببینێت لە عەفرین لە سووریا. 

رۆژنامەكە ئاماژە دەكات كە ئەو كەسەی دەبێتە سەرۆكی نوێی توركیا دەسەڵاتێكی فرەوانی دەبێت كە پارساڵ لە راپرسییەكی جەماوەری پەسند كرا لەوانە هەڵوەشاندنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیرانی و دامەزراندنی دادوەران و وەزیران و جێگرانیان، لەپاڵ دەركردنی فەرمانەكان بێ رەزامەندی پەرلەمان، بۆیە ئەگەر ئەردۆغان بیباتەوە لەو هەڵبژاردنە بۆ ساڵانی داهاتوو رووخساری دەوڵەتی توركیا دیاری دەكات. 

رۆژنامەكە لە كۆتاییدا دەڵێت، ئەردۆغان دەیویست لە رێگەی پێشخستنی وادەی هەڵبژاردنەكان ئۆپۆزسیۆن تووشی كتوپڕی بكات، بەڵام رێژەی بەشداریكردن لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی ئێستەی تارادەیەك لاوازە كە ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی لەوپڕی هێزیدا نییە، جیا لەوەی دۆخی ئابووری توركیا لە نیگەرانی ئەردۆغان زیاد دەكات، بەڵام زۆرینەی شرۆڤەكاران تا ئێستەیش پێیان وایە كە ئەرۆدغان لە پۆستەكەی بەردەوام دەبێت و ئەو دەسەڵاتە فرەوانەیشی هەوڵی بۆ داوە بەدەستی دێنێت.  

سەرچاوە/ ئەلعەرەب

.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل