سەدر بۆچی عەبادی و عامری بەیەكەوە كۆ كردەوە؟

:: PM:07:34:24/06/2018 ‌

ئەیمەن شمەری سەركردە لە هاوپەیمانی سائیروونی نزیك لە موقتەدا سەدر رای گەیاند كە سەدر پەنای بۆ حەیدەر عەبادی نەبردووە بۆ رزگاركردنی هاوپەیمانیەتەكەی، هەروەها سائیروون پێویستی بە پاڵپشتی دەرەكی نییە، چونكە پاڵپشتی باشی ناوخۆیی هەیە.

دوێنێ شەموو حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆكی هاوپەیمانی نەسڕ (سێیەم براوەی هەڵبژاردن 42 كورسی) و موقتەدا سەدر پاڵپشت بۆ هاوپەیمانی سائیروون (یەكەم براوەی هەڵبژاردن خاوەن 54 كورسی) لە نەجەف رێككەوتننیان لەسەر پێكهێنانی هاوپەیمانیەتی بۆ چوونە ناو گەورەترین بارستەی پەرلەمانی و پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق لە دوای پەسندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای فیدراڵەوە راگەیاند. 

شمەری زیاتر گوتی، حكوومەتی داهاتووی عێراق جێی قبووڵكردن دەبێت لەلایەن گەلانی عێراق ئەگەر خاوەن سیاسەتێكی دەرەكی بەهێز بێت و دەشبێتە شوێن تێبڕینی چاوی هەموو دنیا، بۆیە تێكەڵاوكردنی بیرۆكەكانی سەدر و عەبادی وڵاتانی ناژار كرد كە بە ئەرێنی مامەڵە لەگەڵ گەلی عێراق بكەن جیاوازتر لە پێشوو، بۆیە ئەگەر بارستە سیاسییەكان لە نێوان خۆیاندا كۆك بن، پێویستمان بە هانابردن بۆ دەرەوە نابێت.

ئەمڕۆ یەكشەم رۆژنامەی "عەرەب"ی لەندەنی لە راپۆرتێكی ئاماژەی كرد كە هاوپەیمانیكردنی هەردوو هاوپەیمانی فەتح بەسەرۆكایەتی هادی عامری و سائیروونی پاڵپشتیكراو لەلایەن موقتەدا سەدر رەنگە بتوانن بارستە بچووكەكان بۆ پێكهێنانی گەورەترین بارستەی پەرلەمانی كۆبكەنەوە، بەڵام ئەو حكوومەتەی پێكی دێنن پاڵپشتیكردنی دەرەكی نابێت ئەگەر حەیدەر عەبادی تیادا نەبێت.

لای خۆیەوە عامر فایز سەركردە لە هاوپەیمانی فەتح بەسەرۆكایەتی هادی عامری رای گەیاند كە ئەوان پاڵپشتی لە هاوپەیمانیەتیكردنی نەسڕ و سائیروون دەكەن پێشبینی ئەو هەنگاوەیان كردووە و ئاماژەی كرد كە رۆژانی داهاتوو هاتنەپاڵی رەوتی حیكمە بەسەرۆكایەتی عەمار حەكیم بۆ هاوپەیمانیەتییەكەیان دەكەن، داوایشی لە هێزە كوردستانییەكان كرد كە خۆیان یەكلا بكەنەوە و یەكپارچە یان بەجیا بێنە ناو هاوپەیمانیەتییەكە بەمەبەستی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق. 

دۆخی سیاسی عێراق لەدوای 2003 بەبەردەوامی لەلایەن وڵاتانی دەرەكییەوە یەكلا كراوەتەوە و پرۆسەی سیاسیشی بەگوێرەی رێنوێنی ئەجیندا دەرەكییەكانەوە بەڕێوە چووە و دەچێت، هەڵبژاردنی عێراق نموونەیەكی زیندووی ئەوەیە كە چەند ساڵە لە عێراق روو دەدات كاتێك هەڵبژاردن لەناو دۆخێكی نەگونجاو بەڕێوە چوو و دواتر چەندان تۆمەتی ساختەكاری درایە پاڵ پرۆسەكە بەوەی كۆمسیۆنیش بەشێك بووە لە كەموكوڕییەكان، ئەوەیش وای كرد كە ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمسیاری كۆمسیۆن سڕ بكرێن و بڕیاری هەژماركردنەوەی بەدەستی دەنگدان بدرێتەوە.

لە ماوەی دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان هەریەك لە برێت ماكگۆرگ نوێنەری تایبەتی دۆناڵد تڕەمپ و دۆگڵاس سیلیمان باڵوێزی ئەمەریكا لە بەغدا و لە بەرانبەریشیان قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسادارانی ئێران و ئیریج مەسجیدی باڵوێزی ئێران لەبەغدا بەبەردەوام لەسەر خەت بوون لەگەڵ سەرانی بارستە سیاسییەكانی عێراق لە كۆبوونەوەدا بوون، دواترینیان بەر لە جەژن سلێمانی لە بەغدا لەگەڵ لیستە براوە شیعەكان كۆبووەوە و نامەیەكیشی بۆ سەدر رەوانە كرد، دوای ئەوەیش بەچەند رۆژێك هاوپەیمانی نێوان عامری و سەدر لە نەجەف هاتە راگەیاندن.

دوێنێ شەموو عەبادی بەهەمان شێوە سەردانی نەجەفی كرد و لەگەڵ سەدر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی بە هاوشێوەی لەگەڵ هامری كردی لەگەڵ عەبادیش رێككەوتننی بۆ پێكهێنانی گەورەترین بارستەی پەرلەمانی راگەیاند، ئەوەیش توانی ئەو تەوافوقەی ئێران و ئەمەریكا لەبارەی بارستە براوەكانی هەڵبژاردن دروست بكات، جیا لە دروستكردنی هاوسەنگییەك لەناو گەورەترین بارستەی پەرلەمانی كە توانی هامری و عەبادی دوو ركابەری پۆستی سەرۆك وەزیران و نەیار لەبارەی چارەنووسی حەشدی شەعبی دروست بكات.

عەبوود عیساوی پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا بەسەرۆكایەتی نوروی مالیكی كە تا ئێستە دوورخراوەی گەورەترین بارستەی پەرلەمانییە، هاووپەیمانیكردنی سەدر و بارستەكانی تر بە ناسەقامگیر لەقەڵەم دا و گوتی، ئەو هاوپەیمانیەتییەی نێوان فەتح و سائیروون و نەسڕ و حیكمە و وەتەنییە راگەندراوە جێگیر و سەقامگیر نییە، چونكە تا ئێستە حكوومەتی نوێ دروست نەبووە و گۆڕانكاری بەسەردا دێت بەو هۆیەی هەژماركردنی بەدەستی دەنگەكان یەكلا نەكراوەتەوە و ئەنجامی هەڵبژاردنیش پەسند نەكراوە.

روونی كردەوە، ئەوەی روو دەدات بەربەرەكانییە بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەكان و گەڕان بەدوای دەستكەوت و سەپاندنی مەرجەكانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ و دووپاتی كردەوە كە تا ئێستە تەوەری سەرەكی بۆ پێكهێنانی گەورەترین بارستەی پەرلەمانی دروست نەبووە.

ژمارەیەك سیاسەتوان وای دەبینن كە بەو هەنگاوەی دوێنێ بە چوونە ناو هاوپەیمانی لەگەڵ سائیروون عەبادی لە رووی سیاسییەوە كۆتایی بەخۆی هێناوە، چونكە سائیروون بەهۆی چوون بۆناو چەندان هاوپەیمانی تووشی شپرزەیی بووە، جیا لەوەی عەبادی بەو هەنگاوە لە حزبی دەعوە دوو كەوتەوە كە مالیكی سەرۆكایەتی دەكات. لەو كاتەی فەتح مەرجی ئەوەی هەبووە بۆ سائیروون كە دەبێت مالیكیش بێتە ناو هاوپەیمانیەتەكە، كە كۆكردنەوەی ئەو نەیار و ركابەرانە بارەكەی سەدر قوڕستر دەكات و دۆخەكە ئێستەیش چاوەڕوانی سوپرایزی لێ دەكرێت.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل