بەغدا 18 هەزار خێزانی كورد لە سووتەمەنی بێبەش دەكات

:: PM:03:34:12/07/2018 ‌
حكوومەتی عێراق بڕیاری داوە، دابەشكردنی گاز و سووتەمەنی لە بەنزینخانەكانی شارۆكەی خانەقین، بە كارتی نیشتمانی بێ، ئەمەیش گرفتی بۆ هەزاران شوفێر دروست كردووە، چونكە تا ئێستە كارتی نیشتمانییان نییە، قایمقامی شارۆكەكەیش دەڵێ، لە سەدەڵاتی ئێمەدا نییە و وەزارەتی نەوت بەرپرسن.

ژمارەیەك شوفێری سنووری شارۆكەی خانەقین و دەوروبەری ئەمڕۆ پێنجشەم كۆبوونەوە و "وشە"یان ئاگادار كردەوە، كە ماوەی دوو ڕۆژە ڕێنوێنی نوێ لە بەغداوە ئاراستەی بەنزینخانەكانی خانەقین كراوە و پێیان گوتراوە، هەر شوفێرێك بەڵگەی تایبەتی نیشتەجێبوونی خانەقینی پێ نەبێت، وەك كارتی نیشتمانی، ئەوا بە هیچ شێوەیەك بەنزینی پێ مەدەن.

ئاراس محەمەد یەكێك لە شوفێرانی خانەقین بۆ "وشە" گوتی، تا دوو رۆژ پێش ئێستە خەڵكی كەلار و كفری و ناوچەكانی تریش لە خانەقین بەنزینیان لە ئۆتۆمبێلەكانیان دەكرد، بەڵام ئێستە خەڵكی خانەقینیش بەنزینیان پێ نادرێت.

زیاتر گوتی، زۆر لە خەڵكی ناوچەكە مامەڵەی مادەی 140یان كردووە و تا ئێستە شوێنیان یەكلا نەبووەتەوە و كارتی نیشتەجێبوون و بەڵگەی تەواویان بۆ دەرناكرێ، بەهۆی خراپی دۆخی تەناهی و سیاسی ناوچەكە، بۆیە سەرجەمیان لە وەرگرتنی بەنزین بێبەش دەبن.

محەمەد مەلا حەسەن قایمقامی شارۆكەی خانەقین لەبارەی ئەو گرفتە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەمە ڕێنوێنیی و بڕیاری وەزارەتی نەوتی عێراق و فەرمانگەی بەرهەمە نەوتییەكانی دیالەیە، بۆیە ئێمە هیچ دەسەڵاتێكمان بەسەریان نییە و تەنیا ئەوان بڕیاریان داوە و بە ئێمەیان ڕاگەیاندووە.

بەگوێرەی ئامارێك كە دەست "وشە" كەوتووە، 18 هەزار خێزانی ناوچەكە بەهۆی خراپی دۆخی تەناهی و گرژی سیاسی، مادەی 140یان كردووە و تا ئێستە بەڵگەنامەكانی تریان بۆ نەكراوە كە گەڕاونەتەوە خانەقین و خەڵكی ئەو شارۆكەیەن، بۆیە سەرجەمیان لە وەرگرتنی بەنزین و سووتەمەنی بێبەش دەبن.

خانەقین یەكێكە لە ناوچە كوردستانییە داگیركراوەكان، لە ئەنجامی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر كە لەلایەن گرووپێكی هەرزە و كاڵفامی ناو یەكێتییەوە ئەنجام درا، لە ژێر كۆنتڕۆڵی میلیشیاكانی شیعە و بەغدایە، كێشە و كۆسپی زۆر بۆ خەڵكەكەی دروست دەكرێ و لە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەریش، خەڵكی خانەقین ڕژانە سەرشەقام و گەنجێك لەلایەن هێزەكانی حەشدی شەعبییەوە كوژرا.

گەرمیان/سەبری هۆرینی.



وشە - باز ئه‌حمه‌د