ئه‌مڕۆ ژماردنەوەی بەدەستی دەنگەكان لە هەولێر كۆتایى دێت

:: AM:09:24:13/07/2018 ‌
پڕۆسەی جیاكردنەوە و ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان لە هەولێر بەردەوامە و بەپێی لێدوانی بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان تا ئێستە ئەو دەنگانەی لە هەولێر جیا كراونەتەوە، هیچ جیاوازییەكی لەگەڵ ئەنجامە ڕاگەیاندراوەكان نییە.

ژماردنه‌وه‌ى ده‌ستیى ده‌نگه‌كان، بۆ دووه‌م ڕۆژ له‌ هه‌ولێر به‌رده‌وامه‌ و بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ دواى كۆتایى هاتنى پرۆسه‌كه‌، تیمى كۆمسیۆن بچنه‌ دهۆك، بۆ جیاكردنه‌وه‌ى سندوقه‌ سكاڵا له‌سه‌ر كراوه‌كانى ئه‌و پارێزگایه‌.

دوێنێ پێنجشه‌م 12ى ته‌مووز، ژماردنه‌وه‌ى ده‌ستیى ده‌نگه‌كان، له‌ هه‌ولێر ده‌ستی پێ كرد، و بڕیاره‌ 200 سندوق ژماردنه‌وه‌ى ده‌ستییان بۆ بكرێت، ڕۆژى یه‌كه‌مى پرۆسه‌كه‌ نیوه‌ى سندوقه‌كان جیاكرانه‌وه‌.

لەبارەی بەرێوەچوونی پڕۆسەكە پێشتر له‌ لێدوانێكى تایبه‌تدا، خەسرەو گۆران بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، پڕۆسەی جیاكردنەوەی دەنگەكان لە هەولێر بەردەوامە تا دوێنێ پێنجشه‌م 40 سندووقی دەنگدان بە دەست هەژمار كراونەتەوە.

گۆران گوتی، بەپێی چاودێرانی پڕۆسەكە ئەو دەنگانەی بەدەست جیاكراوەنەتەوە، سەت لەسەتی ئەو ئەنجامە دەرچووەتەوە كە بە فەرمی ڕاگەیەنرابوو، واتە لەنێوان ئەنجامی هەژماركردنی ئەلكترۆنی و ئەنجامی هەژماركردنی دەستی دەنگەكان هیچ جیاوازییەك نییە.

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دووپاتی لەوە كردەوە كە دەنگەكانی پارتی وەك خۆی ماوەتەوە و هیچ گۆڕانكارییەك ڕووی نەداوە.

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە 12ی ئایاری ڕابردوو ئەنجام درا، بەشێك لە حزبە سیاسییەكانی عێراق ناڕازیبوون لەسەر ئەنجامەكەی، دادگای فیدراڵی و پەرلەمانی عێراق بڕیاریان دا كە دەنگەكان بە دەست هەژمار بكرێنەوە بەتایبەت ئەو سندووقانەی سكاڵایان لەسەرە، بەڵام هێشتا ناڕەزایی حزبەكان بەو پرۆسەیە نەڕەویوەتەوە.


وشە - محەمەد میران