كچە سەماكارەكەی ئێران بەرەو توركیا هەڵات

:: PM:03:55:14/07/2018 ‌

ئەو كچە سەماكارە ئێرانییەی ماوەیەكە میدیاكانی ئێران و دنیا و تەنانەت رێكخراوەكانی مافی مرۆڤی بە خۆیەوە خەریك كردووە، سەر لە توركیا دەردەهێنێت.

 بەگوێرەی "گویانیوز" ئەمیر تەتەلو كە گۆرانیێژێكی ناسراوی ئێرانییە و لە توركیا دەژیت، ئەوەی پشتڕاست كردووەتەوە كە مائێدێ هێژبەری توانیویەتی ئێران جێ بهێڵێت و ئێستە لە توركیا  دەژیت. ئەو وێنەیەكی خۆی لەگەڵ مائێدێ بڵاو كردووەتەوە دەربازبوونی ئەو كچە بۆ توركیای  پشتڕاست كردووەتەوە.

 هەفتەی رابردوو یەكێك لە سەماكارە بەناوبانگەكانی ئینستاگرام لە لایەن پۆلیسی ئێرانەوە گیرا و دواتر هێنرایە سەر تەلەڤزیۆنی فەرمی حكوومەت و ددانپێدانانی لێ وەرگیرا. وەك لە ددانپێدانانەكەدا دەردەكەوت سەماكارەكە لە كاتێكدا دەگریت، هەست بە پەشیمانی دەكات.

بڵاوبوونەوەی ئەم بەرنامەیە لە تەلەڤزیۆنی ئێران هەڵای لێ كەوتەوە و خەڵكی ئێران و چالاكانی زۆر تووڕە كرد و كار گەیشتە ئەوەی ئەوان بە بڵاوكردنەوەی هەشتاگێك بە ناوی سەما بكە با سەما بكەین، وێڕای مەحكوومكردنی كردەوەكەی كۆماری ئیسلامی بەرگرییان لە سەماكارەكە كرد.

لەو ماوەیەدا رەخنەی زۆر توند لە ئێران گیرا و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤیش داوایان لە ئەمەریكا كرد كە تەلەڤزیۆنی ئێران بخاتە لیستی رەشەوە لەسەر ئەو بێڕیزییەی بە هاووڵاتییەكی ئێرانی كردووە.

لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان خەڵك و رۆشنبیران و هونەرمەندان، رەخنەیان لە تەلەڤزیۆنی فەرمی حكوومەتی ئێران گرتووە كە بێڕیزی بە گەنجی ئێرانی كردووە و وەك ئەوەی تیرۆریستێكیان گرتبێت لە كەشێكی تاریك و ترسێنەر ددانپێدانانیان لێ وەرگرتووە.

مائێدێ هێژبەری ئەو كچە گەنجەیە كە كۆمەڵێك گرتەی سەمای لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كردەوە. ئەو تەمەنی 17 ساڵە و وەرزشوانی جیمناستیك و مامۆستای سەمایە و چالاكییەكەشی تەنیا لە ئینستاگرام بووە.








وشە - سلێمان تاشان