ژمارەیەك زۆر لە دەرچووانی بەشە پزیشكییەكانی شاری سلێمانی، گردبوونەوەیەكی ناڕەزایەتییان لە بەردەم باڵەخانەی پارێزگای شارەكەیان ڕێكخست و داوای دامەزراندنیان كرد.
ئەمڕۆ دووشەم 13ـی ئاب، ئومێد ئازاد وەك نوێنەری هەرسێ كۆلێژەكانی ددان و دەرمانسازیی و پەرستاری لەناو خۆپیشاندەران ڕای گەیاند، ئێمە داوای مافەكانمان دەكەین، داوا دەكەین ستەم لە ئێمەش و لە نیشتمانیش كۆتایی پێ بێت، دامەزراندن مافی خۆمانە بۆیە گردبوونەوەمان كردووە.
نوێنەری قوتابییان گوتی، پێیان گوتووین دامەزراندن بە پێی پێویستی نەخۆشخانەكان دەبێت، ئێستە نەخۆشخانەكان پێویستیان بە ئێمەیە و دەبێت دامانمەزرێنن بۆ خزمەتی نەخۆشەكان، ئەگەر پێویستیان بە ئێمە نییە با كۆلیژەكان دابخرێن و ئێمەش ماندوو نەكەن.
نوێنەری ئەو قوتابییانە ئاماژەی دا، ئێمە گردبوونەوەكەمان بۆ ئەوەیە پارێزگار داوا و ناڕەزایەتییەكانیان بە سەرەوە بگەیەنێت، چونكە ئێمە تا ئێستە سێ جار بەڵێنی دامەزراندنیان پێ داوین و نەیان بردووەتە سەر با چیتر بێهیوا نەبین و بتوانین ئەو ئەزموونەمان بخەینەڕوو.
دوای تەنگژەی دارایی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2014، دامەزراندن وەستاوە تەنیا بۆ ئەو بەشانە نەبێت كە وەزارەتەكان و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان پێویستییان پێیەتی.
ئەو هەوڵەی دەرچووانی دانەمەزراوی سلێمانی لە كاتێكدایە، پێشتر قوباد تاڵەبانی كە حزبەكەی دەسەڵاتداری شارەكە و بەشدارە لە حكوومەت، دوای كرد گەنجانی دەرچووی زانكۆكان بچنە هۆتێلەكان خزمەت بكەن و خەریكی كاری تر بن و هەر چاویان لە دامەزراندن نەبێ، ئەمەیش كاردانەوەی لەلایەن خەڵكی لێ كەوتەوە.