عێراق.. چارەنووسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن چی دەبێت؟

:: PM:10:29:18/11/2018 ‌

دوای نزیكەی پێنج مانگ لە راگەیاندنی بڕیاری سڕكردنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لەدوای تۆمەتباركردنی بە ساختەكاری و دەستكاریكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق لە 12ی ئایاری رابردوو، جیا لە دزەكردنی زانیاری لەبارەی وەرگرتنی بەرتیل لە بەرپرسان و دەركردنی بڕیار لەلایەن حكوومەت و پەرلەمانی عێراق بە قەدەغەی گەشتكردنی كۆمسیاران و سڕكردنی كارەكانیان، بەمدواییە كۆمسیۆن دەستبەكار بووەوە و خۆیشی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان ئامادە دەكات.

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان كە بە كارگەی پرۆسەی سیاسی دادەنرێت، گەڕایەوە كاركردن و بەشێك لە بەرپرسانی باسی تۆمەتباركردنی نەیارانیان دەكەن بە تەشهیر، ئاخۆ دەبێت چارەنووسی چی بێت؟، وەك خۆی دەمێنێتەوە و چاوپۆشی لەوەی رابردوو دەكرێت وەك پاداشتێك لەلایەن هێزە سەرەكییە براوەكان، یان دێتە گۆرین بۆ شاردنەوەی هەموو ئەو كێشە و شەرمەزارییانەی روویان دا، بەناوی دوورخستنەوەی لە بەشبەشێنەی تایفی و سیاسی، یان وەك بەشێك لە پەرلەمانتار و سیاسەتوانانی داوای دەكەن كە دەسەڵاتی دادوەری دۆسیەی هەڵبژاردنەكان و سەرپەرشتیكردنی بگرێتە دەست؟. 

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق لە 2004 وەك یەكێك لەو دامەزراوانەی لە دوای رووخانی رژێمی پێشووی عێراق هاتە دامەزراندن كە سەر بە پەرلەمانە و پێوەندی بە حكوومەتەوە نییە و ئەركی سەرەكی رێكخستنی هەڵبژاردن و راپرسییەكانە، بەڵام تارادەیەك بەپێی میزاجی سیاسی فەرمانڕەوا، چونكە تا ئێستەیش بەشبەشێنەی سیاسی و تایفی بەسەریدا زاڵە و پێویستە ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمسیۆن كاندیدی حزبەكان بن و بەپێی نەخشەیەكی تایفی دیاریكراو لەوەتەی كۆمسیۆنەكە دامەزراوە و بە هاوشێوەی حكوومەتە دواییەكەكانی عێراق لە دوای 2003ەوە.

ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنەكە لە نۆ كەس پێك هاتووە لە هەموو تایفە و پێكهاتەكان كە هەریەكەیان بەرژەوەندی حزب و تایفەكەی دەپارێزێت، بۆیە لە ماوەی ساڵانی رابردوو تۆمەتباركردنی كۆمسیۆن بەبەر دەوام هەبووە، بەتایبەتی لەلایەن پارتە دۆڕاوەكان یان ئەوانەی ئەنجامەكانیان بەدڵ نەبووە، بۆیەیش لە دوای هەموو پرۆسەیەكی هەڵبژاردن عێراقییەكان لەسەر لێشاوێك لە بانگەشە و دەنگۆی بوونی ساختەكاری و تێوەگلانی كۆمسیۆن و كەمتەرخەمی بۆ بەرژەوەندی پارتەكانی دەسەڵات راهاتوون و زۆرینەی جارەكانیش بە بێدەنگبوون كۆتایی دێت، شرۆڤەكاران ئەو بێدەنگییە كتوپڕەی پارتەكان دوای هێرشە توندەكانیان بەوە لێك دەدەنەوە كە ئەوان ئەوەی ویستیان بردیان و بابەتەكە بەو شێوەیە چارەسەر كرا بە رازیكردنی پارتەكان لەسەر حسێبی كۆمسیۆن. 

لە مانگی تەمووزی رابردوو لیژنەی لێكۆڵینەوە لە كاری كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كە سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق پێكی هێنابوو، بڕیاری لابردنی ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرانی كۆمسیۆنەكەی دا، ئەوەیش بەهۆی ئەنجامدانی پێشێلكاری یاسایی و تێوەگلانیان لە دەستوەردان لە ئەنجامەكان و گەندەڵی داراییەوە، ئەوەیش لەسەر رێنوێنی حەیدەر عەبادی كە رەوانەی دادگا بكرێن، بۆیە موتەشەڕ سامەڕایی پەرلەمانتاری پێشووی عێراق سڕكردنی كاری كۆمسیۆنی بە سەرسورهێنەر دانا و گوتی، لە عێراق شتێك نییە بەناوی سەربەخۆ و ئەوەیش بۆ هەموو فەرمانگەی حكوومەت و دامەزراوە دەستەكانی سەربەخۆ راستە، بۆیە ئەوەی دەڵێت كۆمسیۆنەكە سەربەخۆیە راست ناكات.     

سامەڕایی زیاتر دەڵێت، پارتە سیاسییەكان لە عێراق فەرمانبەرە گەندەڵ و نوێنەرەكانی خۆیان لە دەستەكان لە یاسا دەپارێزن لەوانەیش لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لە هەر حاڵەتێكی پێشێلكاری و گەندەڵی و پارە وەرگرتن، ئەوەی تا ئەو كاتەی بێتاوان دەكرێن، بۆیە بڕیاری گەڕانەوەی كۆمسیۆن بۆ كارەكانی و سەرپەرشتیكردنی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لەگەڵ دیار نەكەوتنی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان لە سووتاندنی سندووقەكانی دەنگدان لە بەغدا و كەوتنەخوارەوەی ئامێرەكانی جیاكردنەوە و ژماردنی ئەلیكترۆنی، هەموو ئەوانە ئاماژەن بۆ نیازی پارتە سیاسییەكان بۆ بەردەوامی لە پرۆسەی ساختەكاری بۆ قۆناغەكانی داهاتوو لە رێگەی دەستگرتن بە پیاوەكانیان لە كۆمسیۆن، چونكە ئەگەر حكوومەت بیویستبا كۆمسیۆن بگۆڕێت، دەیتوانی لە ماوەی مانگێك ئەو كارە بكات و پشت بە كەسانی پاك و بەتوانا ببەستێت.

نەدا شاكر، پەرلەمانتاری پێشوو دەڵێت، كۆمسیۆن لە ساختەكاری و شكستخواردن لە بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردن تێوەگلاوە، بەڵام دەسەڵاتی پارتە سیاسییەكان ئەوەندە بەهێز بوو كە دەنگەكان بە ئامادەكراوی دەگەیشتنە كۆمسیۆن و بەشێك لە پارتەكان ئەنجامەكانیان پێش راگەیاندنی دەزانی، چونكە خۆیان بۆ كۆمسیۆنیان رەوانە كردبوو، بۆیە پێم وایە هەڵبژاردنی داهاتوو ئاڵۆزتر دەبێت و تەنگژەی تیادا دروست دەبێت بەهۆی دەسەڵاتی پارتەكانەوە.

لای خۆیەوە محەمەد شەریفی، شرۆڤەكاری سیاسی دەڵێت، لابردنی سركردن لەسەر كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بەهۆی ئاراستە نەكردنی تۆمەت بوو بۆیان لەلایەن دادگاوە، چونكە بوونی تەوافوق و خواستی فراكسیۆنە گەورەكان لەیاد نەكەین كە سوودیان لە ئەنجامی هەڵبژاردن بینی كارەكەی بۆ كۆمسیۆن ئاسان كرد، چونكە ئەگەر لە ئەنجامەكان رازی نەبوونایە سڕكردنیان بەردەوام دەبوو و بەتوندی لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەكرا، بۆیە بڕیارەكە لەگەڵ خواستی فراكسیۆنە گەورەكان دەگونجێت و كاریگەری سیاسییانەی پێوە دیارە و پێش دەچێت كە كۆمسیۆن بەشێك لە هەڵەكانی بۆ داهاتوو راست بكاتەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل