منداڵێك لە سەتڵی ئاودا خنكا

:: PM:03:18:20/11/2018 ‌
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان ئاشكرای دەكات منداڵێك لە سەتڵە ئاوێك خنكاوە.

ئەمڕۆ سێشەم 20ـی تشرینی دووەم، ڕائید عەلی جەمال گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ سێشەم لە شارەدێی ڕزگاری سەر بە شارۆكەی كەلار منداڵێكی یەك ساڵان بەناوی ( ڕەعد ساهر ئەحمەد ) هێنرایە بەشی فریاكەوتنی شەهید هەژار لەكەلار بەگوتەی باوكی ناوبراو لەماڵی خۆیان لەكاتی یاریكردندا ئاگایان لێ نەبووە و كەوتووەتە ناو سەتڵێكی ئاوەوە و لەئەنجامدا خنكاوە.

گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان گوتی، ئێستە بەمەبەستی توێكاری تەرمەكەی ڕەوانەی پزیشكی دادوەری شارۆكەی كەلار كراوە. 

هاوكات باسی لە رووداوێكی تر كرد كە لە شارۆكەی كفری بەیانی ئەمڕۆ منداڵێك بەهۆی ڕشانەوەوە گیانی لەدەستدا و منداڵەكە ناوی بەهەشت خەلیل حەمیدە و تەمەنی تەنیا 11مانگە .

گیان لە دەستدانی ئەو دوو منداڵە لە كاتێكە ئەمڕۆ بەهۆی شۆڕتی ئامێری خۆ گەرم كردنەوە لە چەمچەماڵ حەوت ئەندامی یەك خێزان گیانی لە دەستدا كە دووچاری خنكان ببوون.



وشە - رامیار جەواد