فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا دوو گوندی ئامێدیان بۆردومان كرد

:: PM:08:08:20/11/2018 ‌

كەمێك پێش ئێستە فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا ئاسمانی هەرێمی كوردستانیان بەزاند و زۆر بە سەختی دوو گوندی سنووری شارۆكەی ئامێدیان  بۆردومان كرد.

سەرچاوەیەك لە گوندی سەرگەلی سەر بە شارەدیێ دێرەلووك بە "وشە"ی راگەیاند، كەمێك پێش ئێستە فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا ئاسمانی شارۆكەی ئامێدیان بەزاند و زۆر بە سەختی هەردوو گوندی سەرگەلی و بەرچێیان لە سنووری شارەدیێ دێرەلووك  بۆردومان كرد.

زیاتر گوتی، بۆردومانەكە بە پاساوی بوونی بنكە و بارەگاری پارتی كرێكارانی كوردستانە و زۆر لە ناوچە ئاوەدانییەكان نزیكە، بۆیە ترس و دڵەراوكێیەكی زۆری لای خەڵكی ناوچەكە دروست كرد.

بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا لەكاتێكدایە كە لە چەند رۆژی رابردوو سێ هاووڵاتی ئامێدی شەهید بوون، هەروەها هەفتەی رابردوو لە هەمان ناوچە فڕۆكەكان بە دووری تەنیا 200مەتر ناوەندی گوندی بەرچییان بۆردومان كرد.

لەو بارەوە ئیسماعیل مستەفا قایمقامی شارۆكەی ئامێدی بە "وشە"ی راگەیاند، ئەوان لە رێگەی راگەیاندنەوە چەند جارێك داوایان لە چەكدارانی پەكەكە كردووە لە ناوچە ئاوەدانییەكانی سنووری پارێزگای دهۆك و ئامێدی دوور بكەونەوە، چونكە فڕۆكە و توپخانەكانی سوپایی توركیا ئەوان بە پاساو دەبینن و خەڵكی ناوچەكە دەكەنە قوربانی.

ئەمساڵ 99 جار بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا و 87 جاریش تۆپبارانی سوپای توركیا بۆ سنووری شارۆكەی ئامێدی كراوە، لە ئەنجامدا 17 كەس شەهید بوون و شەشی تریش بریندار بوون و بە بەهای ملیۆنان دولاریش زیان بە رەز و باغات و بیستان و كێڵگە و گوند و سروشت و ژینگەی گوندنیشیان كەوتووە.

ئامێدی/ نەوزاد هلۆری



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل