تەواوی خشتەی دابەشكردنی مووچەی مانگی ئەیلوول لە "وشە" بخوێنەوە

:: PM:10:24:16/12/2018 ‌

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان تا رۆژی دووشەمی هەفتەی داهاتوو، رێككەوتی 24/12/2018، مووچەی تەواوی وەزارەت و دەستە و خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی دابەش دەكات، "وشە" كاتی دابەشكردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی رابردووی ئەمساڵ ئاشكرا دەكات.

بەختیار حەبیب، بەڕێوەبەری بانكی پێنجوێن بە"وشە"ی راگەیاند، بەپێی خشتەیەك كە لەلایەن گەنجینەی هەرێمەوە بۆمان نێردراوە، سبەی دووشەم رێككەوتی 17/12/2018، مووچەی وەزارەتەكانی ناوخۆ و ئەوقاف و سامانە سرووشتییەكان و رەگەزنامەی هەرێم دابەش دەكرێت، رۆژی سێشەم 18/12 مووچەی ئەنجوومەنی ئاسایش و دەزگای گشتیی ئاسایش و زێرەڤانی و بەرگری و فریاكەوتن دابەش دەكرێت.

زیاتر گوتی، رۆژی چوارشەم 19/12/2018، مووچەی وەزارەتەكانی شارەوانی، گواستنەوە، كارەبا، پلاندانان، كشتوكاڵ، دیوانی چاودێری دارایی، دەستەكانی مافی مرۆڤ، ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، ژینگە، دەستەی وەبەرهێنان، دەستەی دەسپاكی، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و دەزگای مین، رۆژی پێنجشەم 20/12 مووچەی وەزارەتەكانی ئاوەدانكردنەوە، رۆشنبیری، بازرگانی و هەر سێ سەرۆكایەتی دابەش دەكرێت.

بەڕێوەبەری بانكی پێنجوێن روونی كردەوە، رۆژی یەكشەمی داهاتوو 23/12، مووچەی خانەنشینی سەربازی و رۆژی دووشەمیش 24/12 مووچەی خانەنشینی مەدەنی دابەش دەكرێت.
ئاماژەی بەوەیش كرد، رۆژانە لەلایەن گەنجینەكانەوە كە ئەوانیش لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە پێان دەگوترێت، بەنامەیەك رۆژانی دابەشكردنی مووچەی شوێنەكانمان بۆ دەنێردرێت.


لە رۆژی پێنجی ئەم مانگەوە، وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێم، دەستی كردووە بە دابەشكردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی رابردووی ئەمساڵی فەرمانبەران و تا ئێستەیش مووچەی چەند شوێن و  وەزارەتێك دابەش كراوە.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل