له سنووری پارێزگای سلێمانی، زۆرینه‌ی موڵكه گشتییه‌كان هێشتا لای یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ماون و گردی زه‌رگه‌ته‌ش كه ئێسته له‌سه‌ر كوڕه‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فا رێكخه‌ری كۆچكردووی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان تاپۆ كراوه، گه‌وره‌ترین موڵكی گشتی سلێمانییه، لای حزب. ئه‌ندامێكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای شاره‌كه رای ده‌گه‌یه‌نێت كه بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی موڵكه گشتییه‌كان و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ حكوومه‌ت، ده‌بێت په‌رله‌مان یاسا ده‌ربكات.
له هه‌رێمی كوردستان له دوای راپه‌ڕینی 1991 و دواتر شه‌ڕی ناوخۆ 1994 – 1998، حزبه‌كان ده‌ستیان به‌سه‌ر سه‌تان موڵكی گشتیدا گرتووه و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌كاری دێنن، له ساڵانی رابردوو بڕیار درا به گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و موڵكانه بۆ حكوومه‌ت، به‌ڵام جێبه‌جێ نه‌كرا.
خه‌دیجه عه‌بدولجه‌بار ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی له فراكسیۆنی خزمه‌ت، به"وشه"ی راگه‌یاند، "موڵكه گشتییه‌كانی لای حزبه‌كان له سلێمانی، ئاشكرایه لای كێن و زۆرینه‌یان یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتوون و به پاره‌یه‌كی ره‌مزی به‌شێكی زۆریان له‌سه‌ر خۆیان تاپۆ كردووه".
ئه‌و گوتی، "ئه‌و موڵكانه خوێندنگه و بنكه‌ی ته‌ندروستی و باڵه‌خانه‌ی تری مه‌ده‌نین وه‌ك شاره‌وانی و فه‌رمانگه‌ی تر، كه ئێسته كراون به كۆمیته و باره‌گای حزبی. زۆرینه‌یان له سنووری سلێمانی لای یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانن و حزبی سۆسیالستیش باڵه‌خانه‌یه‌كی له‌لایه كه موڵكی گشتییه".
به‌گوته‌ی خه‌دیجه، "هه‌ندێك له‌و باڵه‌خانه و باره‌گایانه له‌لایه‌ن حزبه‌كانه‌وه تاپۆ كراون به نرخێكی كه‌م، ئه‌مه‌ش نایاساییه و ده‌بێ رۆژێك بێت هه‌ڵوه‌شێنه‌وه. باڵه‌خانه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیی ئێسته‌ی یه‌كێتیی كه پێشتر باره‌گای ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران (ئیداره‌ی سلێمانی) بوو، موڵكی گشتییه و پێشتر باره‌گای حكوومی بووه".
"گردی زه‌رگه‌ته كه ئێسته باره‌گای سه‌ره‌كیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه له سلێمانی، پێشتر موڵكی گشتی بووه و باخ بووه، ده‌بوو بكرایه‌ته به ناوچه‌ی گه‌شتیاری، كه‌چی به نرخێكی زۆر كه‌م تاپۆ كراوه، به‌ڵام ئه‌و تاپۆیه به‌تاڵه، چونكه ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكی دادپه‌روه‌ر هه‌بێت، ده‌بێ هه‌موو ئه‌و موڵكانه بخرێنه‌وه خزمه‌تی گشتی" خه‌دیجه وای گوت.
به‌گوته‌ی ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی، له سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی، لیژنه‌یه‌ك پێكهێنرا بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو موڵكه گشتییه‌كان به لیست بكرێن، به‌ڵام پارێزگای ئه‌وكاتی سلێمانی و ئیداره‌كانی راپه‌ڕین و گه‌رمیان هاوكار نه‌بوون له ناردنی زانیارییه‌كان، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی چه‌ندان جار نووسراو بۆ هه‌ردوو ئیداره‌ی گه‌رمیان و راپه‌ڕین كرا، له‌به‌رئه‌وه بابه‌ته‌كه پشتگوێ خرا.
وه‌ك ئه‌و خستیه ڕوو "بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و پرسه، ده‌بێ په‌رله‌مانی كوردستان بڕیارێك ده‌ربكات و بڵێ ئه‌و موڵكانه‌ی له ساڵی 1991ه‌وه له حكوومه‌تی به‌عسی رووخێنراو جێ‌مان و موڵكی گشتی بوون و ئێسته لای حزبه‌كانن، بكرێنه‌وه به موڵكی گشتی، ئه‌گه‌رچی تاپۆش كرابن ده‌بێ هه‌ڵبوه‌شێنرێنه‌وه".
له سلێمانی جگه له‌وه‌ی موڵكی گشتی له‌لایه‌ن حزبه‌كانه‌وه داگیر كراوه، كۆمپانیا حزبییه‌كانیش ده‌ستیان به‌سه‌ر زه‌ویوزارێكی زۆردا گرتووه، به‌تایبه‌تی كۆمپانیای نۆكانی سه‌ربه ئیداره‌ی گشتی یه‌كێتی.
دكتۆر شێركۆ جه‌وده‌ت ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان، به"وشه"ی راگه‌یاند: هه‌ندێك كۆمپانیای وه‌به‌رهێنان زه‌ویی پێ دراوه بۆ ئه‌وه‌ی بیكات به یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون یان ته‌لاری بازرگانی، به‌ڵام ئه‌وان فرۆشتوویانه‌ته‌وه كه ئه‌وه‌ش سه‌رپێچییه.
جه‌وده‌ت باسی له‌وه‌ش كرد "كۆمپانیای نۆكانی یه‌كێتی له ناو سلێمانی و ده‌وروبه‌ری زه‌وی به نرخێكی زۆر كه‌م پێ دراوه، لیژنه‌شیان بۆ پێكهێناوه و كاره‌كه‌یان یاساییه له رووی رۆتینی یاساوه، ئه‌گه‌ر ورد ببیته‌وه موڵكێكی زۆر دراوه به‌و كۆمپانیایه".
جگه له‌مه، گردی زه‌رگه‌ته كاتی خۆی بۆ وه‌به‌رهێنانی گه‌شتیاری دانرابوو، دواتر به فه‌رمانی مام جه‌لال، ته‌رخان كرا بۆ كۆمپانیای وشه، ئێسته‌ش له‌سه‌ر كوڕه‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فا رێكخه‌ری كۆچكردووی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان تاپۆ كراوه.
وشه/ سلێمانی- هه‌ستیار عه‌بدوڵا