ئه‌ندامێكی كورد له لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، به فه‌رمی پاره‌ی گه‌نمی جووتیاران له پڕۆژه‌ی یاسای بودجه‌ی گشتی عێراق دانراوه و سه‌رجه‌می دابه‌ش ده‌كرێت.
ئه‌حمه‌د سه‌فار ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له په‌رله‌مانی عێراق ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، له پڕۆژه یاسای بودجه پاره‌ی گه‌نمی جووتیاران دانراوه و به‌شێوه‌یه‌ك كه ئه‌ندامه كورده‌كان داوایان كردووه ته‌واوی مافی گه‌نمی جووتیاران هی سێ ساڵ به یه‌كه‌وه بدرێت.
ئه‌وه‌شی گوت، ته‌واوی پاره‌ی گه‌نمی جووتیاران دابه‌ش ده‌كرێت به‌سه‌ر ئه‌و جووتیارانه‌ی پاره‌یان وه‌رنه‌گرتووه له‌گه‌ڵ په‌سه‌ندكردنی بودجه، ئه‌و بڕیاره ده‌چێته بواری جێبه‌جێكردن.
ئاشكرای كرد، میكانیزمی وه‌رگرتنی گه‌نم بۆ ساڵی 2019 له لایه‌ن وه‌زاره‌تی بازرگانی عێراق دیاری ده‌كرێت و پێویسته چاوه‌ڕێ بكه‌ین تا كاتی وه‌رزی دروێنه و ڕێنوێنییه‌كان ببینین.
به‌غدا پاره‌ی سێ ساڵی گه‌نمی جووتیارانی هه‌رێمی لایه كه بۆ ساڵه‌كانی 2014 و 2015 و 2016یه و بڕی پاره‌كه‌ش ده‌گاته زیاتر له 600 ملیار دینار.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی