له دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراق، سروودی سه‌رده‌می به‌عس لابرا و گۆرانیی "مه‌وتینی" به شێوه‌یه‌كی كاتی وه‌ك سروودی نیشتمانی دانرا تا ئه‌و كاته‌ی بڕیار له‌سه‌ر سروودێكی نوێ ده‌درێ. ئه‌وه 15 ساڵ تێپه‌ڕیوه و هێشتا له‌سه‌ر سروودێكی جێگیر ڕێكنه‌كه‌وتوون. سیاسییه‌كان بۆچوونێك و ڕۆشنبیران بۆچوونێكی تریان هه‌یه.
ماوه‌ی ڕابردوو، موقته‌دا سه‌در ڕێبه‌ری ڕه‌وتی سه‌در، پشتیوانیی ئه‌و داوایه‌ی كۆمه‌ڵێ په‌رله‌مانتاری ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقی كرد بۆ گۆڕینی سروودی نیشتمانی له‌مه‌ی ئێسته‌وه بۆ سروودی "سلام علیك" كه ئه‌سعه‌د غرێری شاعیری ناسراوی عێراقی نووسیویه‌تی و كازم ساهیر ئاوازی بۆ داناوه و گوتوویه‌تی. ئه‌م داوایه‌ی په‌رله‌مانتاران، له‌لایه‌ن ڕۆشنبیرانی عێراقه‌وه هێرشێكی زۆری خرایه سه‌ر، چونكه ماوه‌ی چه‌ندان ساڵه به شێوه‌ی نیمچه بڕیار شیعرێكی محه‌مه‌د مه‌هدی جه‌واهیری دیاری كراوه و پێیان وایه گونجاوتره و ئه‌م شیعره ئێسته پێشنیاز كراوه، هیچ یه‌كێ له مه‌رجه‌كانی سروودی نیشتمانی تێدا نییه و لاوازه. ڕۆشنبیران پێیان وایه، جگه له‌وه‌ی شیعره‌كه زۆر لاوازه، له وشه و ئاوازه‌كه‌شیدا هێزی پێوه نابینرێ و زۆر خه‌مناكانه گوتراوه و له سروودی نیشتمانیی ساڵی 1958 وه‌رگیراوه و هه‌ندێكیشیان تا ئه‌و ئاسته دژی وه‌ستاونه‌ته‌وه كه شه‌رمی لێ بكه‌ن وه‌ك خۆیان باسی لێوه ده‌كه‌ن.
سه‌باح ساعیدی سه‌رۆكی فراكسیۆنی "ئیسلاح" و ئینعام خوزاعی سه‌ركرده له هاوپه‌یمانیی "سائیروون" ڕۆژی پێنجشه‌می ڕابردوو (14ی ئادار) به فه‌رمی پێشنیازی سروودی "سلام علیك"یان پێشكه‌شی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كرد كه واژووی 70 ئه‌ندامی تری په‌رله‌مانی پێوه‌یه كه له قه‌واره‌ی جیاوازن. ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه، پێشتر له 12ی ته‌مووزی 2012 به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی ده‌نگ له‌سه‌ر شیعری " سلام على هضبات العراق" دراوه و ڕه‌زامه‌ندی ته‌واوی له‌سه‌ر وه‌رگیراوه، بۆیه ئه‌م گۆڕینه بۆ سرووده‌كه‌ی كازم ساهیر، ده‌بێته هه‌مواركردنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌نگدانه‌ی پێشتریش.
یه‌كێتیی نووسه‌ران و ئه‌دیبانی عێراقی، له‌سه‌ر ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه تازه‌یه‌ی خراوه‌ته به‌رده‌م سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان، دوێنێ هه‌ینی به‌یاننامه‌یه‌كیان بڵاو كرده‌وه و تێیدا به ته‌واوی ئه‌م سرووده نوێیه‌یان ڕه‌ت كرده‌وه و ته‌نانه‌ت نووسیویانه: جگه له شیعره‌كه‌ی جه‌واهیری، به هیچ پێشنیازێكی تر ڕازی نابن و جێی قبووڵكردن نییه و هۆشداری ئه‌وه‌شیان دا، بڕیاردان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته، پێویستی به كه‌سانی پسپۆڕه و ناكرێ ئاوا له‌خۆوه سروودێك پێشنیاز بكرێ.
هه‌روه‌ها له به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه: ئێمه وه‌ك یه‌كێتی نووسه‌ران و ئه‌دیبان، به‌لامانه‌وه سه‌رسوڕمانه و بووه‌ته جێی تووڕه‌ییمان، كاتێك ده‌بینین كۆمه‌ڵێ ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران گۆرانی "سلام علیك" بۆ سروودی نیشتمانیی عێراق پێشنیاز ده‌كه‌ن!. ئێمه پێشتر قه‌سیده‌ی " سلام على هضبات العراق.. وشطیّة والجرف والمنحنى"ـمان هه‌ڵبژاردووه و پێشكه‌شی لیژنه‌ی ڕۆشنبیری و ڕاگه‌یاندنی په‌رله‌مانمان كردووه و لیژنه‌كه‌ش خستوویانه‌ته به‌رده‌م په‌رله‌مان و ده‌نگی پێ دراوه.
نووسه‌ران و ئه‌دیبانی عێراقی، دوو هۆكاریان له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی شیعره‌كه‌ی جه‌واهیری خستووه‌ته ڕوو. یه‌كه‌میان له‌به‌ر خودی ناوی جه‌واهیرییه كه ناسناوی "شاعیری هه‌ره مه‌زنی عه‌ره‌ب"ی پێ دراوه و دانانی شیعرێكی ئه‌و، خۆی له‌خۆیدا به‌شێكه له سه‌روه‌ریی عێراق و مێژووه‌كه‌ی. دووه‌میش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جه‌واهیری خاوه‌نی هه‌ڵوێست بووه له دژی سه‌دام و پشتیوانیی ڕاپه‌ڕینه‌كانی عێراقی كردووه له ساڵی 1991 و شیعره‌كانی له پڕۆگرامی خوێندنی قوتابخانه‌كان به‌و هۆیه‌وه ده‌رهێنراوه و له غه‌ریبیدا كۆچی دوایی كردووه.
له‌سه‌ر شاعیری شیعری "سلام علیك" نووسیویانه، چۆن ده‌بێ شیعری كه‌سێك وه‌ربگیرێ كه هه‌تا سه‌دام مابوو، یه‌كێك بووه له پشتیوانانی و شیعری به‌سه‌ردا نووسیوه؟ ئه‌مه جگه له‌وه‌ی شیعره‌كه زۆر لاوازه و ئاوازه‌كه‌شی وه‌رگیراوه.
حامد مالیكی نووسه‌رێكی عێراقیی ناسراوه، له‌باره‌ی ئه‌و بڕیاره‌ی ئه‌م په‌رله‌مانتارانه داویانه، نووسیویه‌تی: هونه‌ری مه‌زن وه‌ك موزیك، هه‌روه‌ها شیعری مه‌زن ته‌نیا ئه‌وانه جیای ده‌كه‌نه‌وه كه خاوه‌نی ئه‌قڵێكی گه‌وره‌ن و ڕۆحێكی زیندوویان به‌رانبه‌ر جوانی هه‌یه. كاتێك سروودی نیشتمانی دیاری ده‌كرێ، نابێ سۆز ڕۆڵ ببینێ كه چیمان پێ خۆشه. ده‌زانم من فوو به نیشتمانێكی كوندا ده‌كه‌م، به‌ڵام بۆ مێژوو ئه‌م قسانه ده‌كه‌م، چۆن ده‌بێ گۆرانییه‌كی ساده كه له ئاهه‌نگه‌كاندا لێ ده‌درێ، ببێته ناسنامه‌ی نیشتمان!
هه‌روه‌ها ده‌ڵێ: هونه‌رمه‌ندێكی گه‌وره‌ی وه‌ك كازم ساهیر شایه‌نی ئه‌وه‌یه ئاواز بۆ سروودی نیشتمانی دابنێ، ئاخر هه‌ر ئه‌و بوو هونه‌ری عێراقی به نیشتمانی عه‌ره‌بی و دنیادا بڵاو كرده‌وه و هیچ نه‌بێ له ئاوازدانه‌ری سروودی نیشتمانیی میسر كه سه‌ید ده‌رویشه، ئاواز و ئه‌زموونی زیاتره و ئه‌و له 30 ساڵیدا مرد، به‌ڵام له ڕووی هونه‌رییه‌وه ئه‌م گۆرانییه بۆ سروودی نیشتمانی نابێ و با نه‌كرێته بابه‌تێكی سیاسی، ده‌توانین شیعره‌كه‌ی جه‌واهیری بده‌ین به ساهیر و ئاوازی بۆ دابنێ.
له‌وه‌ته‌ی عێراق هه‌یه، سروودێكی نیشتمانی نه‌بووه كه جێگیر بێت و جێی مشت‌ومڕ نه‌بێ. له ساڵی 1921ـه‌وه به‌رده‌وام گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت و تا ئێسته پێنج سروود دانراوه. كاتێك سه‌رده‌می پاشایه‌تی نه‌ما و بوو به كۆماری، سروودێكی نوێ دانرا به ناوی "مه‌وتینی" كاتێك ساڵی 1963 حزبی به‌عس چوونه سه‌ر ده‌سه‌ڵات، سرووده‌كه‌یان گۆڕی بۆ "والله زمان یا سلاحی" كه ئاوازی كه‌مال ئه‌لته‌ویڵ و شیعری سه‌ڵاح جاهین بوو، هه‌ردووكیان میسڕین. ساڵی 1981 سه‌دام حوسێن گۆڕی بۆ " وطن مدّا على الأفق جناحا" كه ئاوازی وه‌لید غه‌لیمه‌یه ئاوازدانه‌رێكی لبنانییه و شیعری شه‌فیق كه‌ماله، شاعیرێكی عێراقییه. دوای ڕووخانی سه‌دام، گۆرانیی "مه‌وتینی" به شێوه‌یه‌كی كاتی وه‌ك سروودی نیشتمانیی عێراق دانرا كه شیعری ئیبراهیم تۆقان شاعیری فه‌له‌ستینی و ئاوازی محه‌مه‌د فه‌لیفله كه ئه‌ویش هه‌ر عێراقی نییه و تا ئێسته‌ش به ناجێگیری ماوه‌ته‌وه.