چاودێری بازرگانی سلێمانی: نرخی بەنزین گران نەبووە

:: PM:06:48:19/03/2019 ‌

بەهۆی پشووەكانی جەژنی نەورۆزەوە چاوەڕوان دەكرێت خەڵكێكی زۆر گەشت بكات، جیا لە هاتنی ژمارەیەكی زۆری گەشتیار لە عێراق و ئێرانەوە بۆ ناوچەكانی هەرێم، هاووڵاتییان دەڵێن لە بەنزینخانەكانی سلێمانی جیاوازییەكی زۆر لە نرخی بەنزین هەیە و بەشێكیان نرخیان گران كردووە و بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانیش رەتی دەكاتەوە.

هاووڵاتی سەركەوت عەلی بە "وشە"ی راگەیاند، دوێنێ لە بەنزینخانەیەك لە نزیك سەنتەری شاری سلێمانی بەنزینم بە نرخێكی هەرزان تێ كردووە، بەڵام بۆ شەو لە سەنتەری شار كە بەنزینم تێ كردووە، نرخەكەی زۆر جیاوازی هەبووە و گران بووە.

ئەو هاووڵاتییە داوای كرد كە لایەنی پێوەندیدار بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە بكەن و نرخەكان جێگیر بكەنەوە.

لای خۆیەوە سۆران غەفوور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی ئەمڕۆ سێشەم بە "وشە"ی راگەیاند، لە سلێمانی نرخی بەنزین گران نەبووە، بەڵام بەنزینی نۆرماڵ لە 570 دینارەوە هەیە بۆ 625 دینار. دووپاتی كردەوە كە ئەمە جیاوازی نرخە لە بەنزینخانەیەكەوە بۆ یەكێكی تر.

بەهمەن قادر، گوتەبێژی بەنزیخانەكانی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، لە ناو سەنتەری شاری سلێمانی تا ئەمڕۆ نرخی بەنزین گران نەبووە و لیترێك بەنزینی نۆرماڵ بە 625 دینارە و دووپاتی كردەوە كە ئەو بەنزیخانانەی كوالێتی بەنزینەكەیان نزمترە لەوەی ناو سەنتەری شاری سلێمانی، بۆیە بەو جۆرە هەرزان دەیفرۆشن. 

ئەوەشی خستەڕوو، لە سبەی چوارشەمەوە خواست لەسەر بەنزین زیاد دەبێت و ئەگەری هەیە نرخ زیاد بكات، بەڵام هەموو هەوڵێك دەدەین رێگری لە زیادبوونی نرخ بكەین.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، بەهۆی هاتنی ژمارەیەكی زۆری گەشتیاری رۆژهەڵاتی كوردستان و خوارووی عێراقەوە، خواست لەسەر بەنزین زیادی كردووە و ئەگەری گرانبوونی لێدەكرێت.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل