وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە رێگای خێرای بازرگانی دروست دەکات

:: AM:11:51:15/07/2019 ‌

بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کاروباری رێگاوبان ئاشکرای دەکات، دوای ئەوەی رێگا گشتییەکانی ھەرێمی کوردستان تەواو دەکرێن و دەبنە دووساید، پڕۆژەیەکمان ھەیە کە رێگای خێراش ھاوشێوەی وڵاتان لە ھەرێمی کوردستان دروست بکەن کە ھاتوچۆکردن لەو رێگایانە بە پارە دەبێت و دەبێتە رێگای بازرگانی و ھەرکەسێک بیهەوێ خێرا بگاتە شوێنی مەبەست پارە دەدات و لەو رێگایە ھاتوچۆ دەکات.

ئەمڕۆ دووشەم 15ی تەمووز، سدقی ئامێدی بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کاروباری رێگاوبان بۆ "وشە" رای گەیاند، پلانمان ھەیە رێگای خێرا لە ھەرێمی کوردستان دروست بکەین، ئەورێگایە وەک رێگاکانی دیکە نابێت و ھاتوچۆکردن لێی وەک وڵاتان بە پارە دەبێت و ئەوەی بیهەوێ خێرا بگاتە شوێنی مەبەست دەتوانی لەو رێگایانە ھاتوچۆ بکات ، ئەو جۆرە رێگایانە ھیچ وەستانی نیە و ھەمووی شورەی لێکراوە وتەنانەت ئاژەلیش ناتوانێت بێتە سەر رێگاکە .

زیاتر روونی دەکاتەوە، ئەگەر تەنگژەی دارایی نەبوایە، بڕیار بوو کۆمەڵێک کۆمپانیا بێنین بۆ ئەوەی رێگاکە دروست بکەن و چەند ساڵێک داهاتەکەی بۆ ئەوان بێت تاوەک پارەی خۆیان دەردەهێنن و دواتر بدرێتەوە حکوومەت، ئەگەر حکوومەتیش توانای ھەبێت خۆی رێگاکە دروست بکات، ئەوا دەبێتە داھاتێک بۆ حکوومەتیش، بەڵام ئێستاش ئەو پرۆژەیە ھەیە و لە پلانی ئێمە دایە رێگاکە لە زۆر ناوچەی کوردستان دروست بکەین.

سدقی ئامێدی دووپاتی دەکاتەوە، ئێمە لە ئێستادا ئەولەویەتی کارمان دروستکردنی رێگا سەرەکییەکان دەبێت و ھەرکاتێک رێگا سەرەکییەکان لە ھەموو ناوچەکان دروست کران، ئەوکات ئەو کارەش لە پلانی ئێمەدایە و جێبەجێ دەکرێت.

هەولێر/ بڵند ئیبڕاھیم



وشە - هیدایه‌ت جان