سبەی پارێزەران سكاڵا تۆمار دەكەن

:: AM:08:34:21/07/2019 ‌
بڕیارە سبەی ژمارەیەكی زۆر لە پارێزەران سكاڵاكانیان ببەن بۆ داواكاری گشتی بەمەبەستی ڕێگری لە كاری كۆمپانیایەك بۆ كاركردن لە دادنووسی و گرانكردنی نرخەكەی.

ئەمڕۆ یەكشەم 21ـی تەمووز، ڕێبین سەباح پارێزەری یاسایی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، سبەی سەردانی داواكاری گشتی دەكەین و نووسراوێكی ناڕازی بوون دەدەین بە داواكاری گشتی بەمەبەستی ڕێگری كردن لە پێدانی بریكارنامە و دادنووسی بە كۆمپانیاییەك.

ئەو پارێزەرە گوتی، ئامانجامانە ئەو كارە نەكرێت بۆ ئەوەی ڕێگە نەدرێت بریكارنامە لە دووو هەزار و 500 دینارەوە بكرێت بە 25 هەزار دینار بۆ ئەو مەبەستەش چەندان پارێزەر پشتگیری خۆیان دەربڕیوە.

ڕوونی كردەوە، سبەی سەردانی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان دەكەین تا ئەوانیش بێنە دەنگ و ئەو كارە بوەستێنن و ڕێگە نەدەن بارگرانی لەسەر هاووڵاتیان دروست ببێت.

ماوەی مانگێكە لەلایەن كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەت هەوڵ دەدرێت بریكارنامە و دادنووسی سەرجەم شارەكان وەربگیرێت و نرخەكەی لە دوو هەزار و 500 دینار بكرێتە 25 هەزار دینار كە بەشێكی زۆری پارەكە بۆ كۆمپانیایە و ئەوەیش ناڕەزایەتی هاووڵاتییانی لێ كەوتۆتەوە.



وشە - رامیار جەواد