سەركردە ژەهراوییەکەی یەكێتی بەرەو ئەوروپا ڕۆیی

:: AM:11:10:10/08/2019 ‌
سەركردە سەربازییەكەی یەكێتی كە پێشتر ڕای گەیاندبوو ژەهرخوارد كراوە، بەرەو ئەوروپا ڕۆیشت و لە دواین قسەی دەڵێت بابزانین قەدەرمان چی دەبێت.

ئەمڕۆ شەموو 10ـی ئاب، عەتا سەراوی سەركردەی سەربازی ناو یەكێتی لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، ئەمڕۆ وڵاتم بەجێ هێشت بەرەو هەندەران، كورد وتەنی بەتیرێك دوو نیشان ئەوەیش بۆ ئەو عیلاجانەی ماون تەواویان بكەم.

ڕوونی كردووەتەوە، بزانین قەدەرمان چی بۆ داناوین هەردەبێ، ئەم نەوەیەی دوایی ئێمە بگەیەنینە كەناری ئارامی و تا كۆتایی ساڵیش یەكێتییەكەمان كۆنگرەی چوارەمی خۆی بگرێ و بەگوڕوتینێكی پێشمەرگانەی جاران ئامادەی خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بین.

پێشتر عەتا سەراوی ڕای گەیاندبوو لەلایەن چەند كەسێك كە خۆی ناوی نەهێنابوون، ئاشكرای كردبوو ژەهرخوارد كراوە بۆ ئەوەی بێدەنگ بكرێت و داوای لە دەزگا تەناهییەكانی یەكێتی كردبوو ئەو دەستە ڕەشە ئاشكرا بكەن.

سەراوی ئاشكرای كردبوو سیخوڕێك لەناو یەكێتی ژەهرخواردی كردووە لەناو بارەگای حزب بوو.




وشە - رامیار جەواد