كەشتییە نەوتهەڵگرەكەی ئێران روو لە توركیا دەكات

:: PM:04:06:24/08/2019 ‌
دوای هەڕەشەكانی ئەمەریكا لەو وڵاتانەی پێشوازی لە كەشتییە نەوتییە ئێرانییەكە دەكەن، ئەدریان داریا 1 بەرەو توركیا كەوتەڕێ, بەڵام تیمی كەشتیوانی كەشتییەكە وای دەردەخەن كە نەوت بۆ سووریا دەگوازێتەوە.

ئەدریان داریا 1 كەشتی نەوتی ئێرانی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەموو 24ی ئاب، ئاراستەكەی لە دەریای سپی ناوەڕاست بەرەو بەندەرێكی توركی گۆڕیوە، بەڵام تیمی كەشتیوانی كەشتییەكە دەیانەوێت وای دەربخەن كە بەرەو سووریا نەوت دەگوازێتەوە.

بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی "ئەسیۆشتید پرێس" كەشتییە نەوتییەكە بەرەو كەناراوی مێرسینی باشووری توركیا ئاراستەكەی گۆڕیوە، بەڵام دەكرێت روو لەو وڵاتەش نەكات، چونكە مێرسین تەنیا 200 كیلۆمەتر لە باكوری رۆژئاوای پاڵاوگەی نەوتی بانیاسی سووری دوورە.
 
پێگەی "مارین ترافیك دۆت كۆم" كە چاودێری كەشتییە ئێرانییەكە لە دەریای سپی ناوەڕاست دەكات، دەڵێ كەشتییەكە ئێستە لە باشووری دەریای سپی ناوەڕاستە، چاوەڕوان دەكرێت هەفتەی داهاتوو بگاتە مێرسین.

كەشتی ئەدریان داریا 1، دوو ملیۆن و 100 هەزار بەرمیل نەوتی هەڵگرتووە كە بەهایەكەی 130 ملیۆن دۆلارە، تا ئێستە بەرپرسانی ئێرنی هیچیان لەسەر كەشتییەكە نەگوتووە و كە ئاراستەی بەرەو كوێ دەبێت.

دوای دەست بەسەرداگرتنی كەشتییەكی بەریتانی، لە 19ـی تەمووزی رابردوو دەسەڵاتدارانی بەریتانی كەشتییە نەوتهەڵگرەكەی ئێرانیان لە گەرووی جەبەل تاریق دەستبەسەر كرد، دوای تێپەڕبوونی پێنج هەفتە بەسەر دەست بەسەرگرتنەكە، لەلایەن دسەڵاتدارانی جەبەل تاریق ئازاد كرا، ئەگەرچی ئەمەریكا داوای لە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە كردبوو كە ئازادی نەكات، دواتریش ئیدارەی كۆشكی سپی هەڕەشەی ئەوەی كرد كە نابێت هیچ وڵاتێك پێشوازی لە كەشتییەكە بكات تا ئاستی سەپاندنی سزا بەسەریدا.


وشە - فه‌رمان سادق