ئەگەر هەیە یەكێتی بەتەنیا لەگەڵ بەغدا بكەوێتە دانوستان

:: PM:06:56:14/09/2019 ‌


بڕیارە لەم هەفتەیەدا شاندێكی باڵای حكوومەتی هەرێم بۆ دانوستاندن لەسەر پشكی كورد لە بودجەی 2020 بچێتە بەغدا، قسە هەیە لە ئەگەری رێكنەكەوتنی هەرێم و بەغدا، یەكێتی بەجیا لەگەڵ عێراق بكەوێتە دانوستان، پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی یەكێتیش ئاماژە دەكات هیچ شتێكی لەو جۆرەی نەبیستووە.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، یەكێتی نیشتمانیی كوردستان چەند سیناریۆیەكی ئامادە كردووە بۆ ئەگەری رێكنەكەوتنی حكوومەتی هەرێم و بەغدا لەسەر پرسی نەوت و بودجە و كەمكردنەوەی ئەسەڵاتە داراییەكانی لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە بەوەی راستەوخۆ بكەوێتە دانوستان لەگەڵ عێراق، تا بودجەی پارێزگاكانی زۆنی سەوز بنێرێت.

پێشتر مەحموود سەنگاوی ئەندامی مەكتەی سیاسی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان باسی لەوە كردبوو كە ئەوان دەتوانن نەوتی سنووری سلێمانی و گەرمیان رادەستی بەغدا بكەن و ئیدارەی خۆیان جیا بكەنەوە و بودجەی خۆیان وەربگرن.

عەلی عەونی ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمڕۆ شەمو ۱٤ی ئەیلوول بە "وشە"ی راگەیاند، هیوادارین یەكێتی كارێكی لەو جۆرە نەكات، چونكە ئەمە بەهیچ جۆرێك خزمەت بە دۆخی هەرێم ناكات و كێشەی هەرێم لەگەڵ بەغدا تەنیا نەوت و بودجە نییە، بەڵكو كێشەی خاكیشمان هەیە و دەكرێ بە كارتی نەوت بتوانین مافەكانما بەدەست بێنینەوە.

زیاتر گوتی، ئەگەر سەركردایەتی یەكێتی كارێكی لەم جۆرە بكات، خیانەت لە گەل و نیشتمان و حكوومەتی هەرێم دەكات كە خۆی بەشدارە تیایدا.

شیروان میرزا پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لە حكوومەتدا بەشدارە و بڕیارە لەم هەفتەیە شاندێكی هەرێم بێتە بەغدا و دانوستاندن لەسەر پرسی نەوت و بودجە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بكەن.

میرزا دووپاتی كردەوە، وەك پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی یەكێتی و ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق هیچ شتێكی لەو جۆرەم نەبیستووە.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل