ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە: بازاڕ كێشەی كەمیی نەوتی نییە

:: PM:02:02:19/09/2019 ‌

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە ئاشكرای كرد، سەرەڕای ئەو هێرشانەی كرانە سەر دامەزراوە نەوتییەكانی سعوودیە، بازاڕ هیچ كێشەیەكی لە كەمیی نەوت نییە و نوت بە گوێرەی پێویست دابین دەكرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم ئاژانسەكە ئەم راپۆرتەی لە ماڵپەڕی سەرەكی خۆی بڵاو كردووەتەوە و باسی لەوەش كردووە وڵاتانی پیشەسازی و بەكارهێنەری نەوت، هەر ئێستە ملیارێك و 550 ملیۆن بەرمیل نەوتیان لە كۆگاكانیان پاراستووە و هەر كاتێك پێویست بكات، ئەوا بەكاری دەهێنن. 
بەگوێرەی "رادیۆ فەردا" ئەگەر تەواوی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت بەیەكەوە هەناردەی نەوتیان رابگرن، ئەو بڕە نەوتەی وڵاتانی دنیا پاشەكەوتیان كردووە بۆ ماوەی 15 رۆژ سەرجەم پێداویستییەكانیان دابین دەكات.

پێویستە بگوترێ بەهۆی هێرشە مووشەكییەكە بۆ سەر سعوودیە سەرووی پێنج ملیۆن بەرمیل نەوت لە هەناردەی سعوودیە وەستا و ئێستەش نیوەی ئەو كەمبوونەوەیە قەرەبوو كراوەتەوە.

بەهۆی هێرشەكە نرخی هەر بەرمیلێك نەوت نزیكەی نۆ دۆلار هەڵكشا و گەیشتە سەرووی 69 دۆلار، بەڵام ئێستە لە سەرووی 64 دۆلار دەفرۆشرێت و خەریكە بازاڕەكەی ئاسایی دەبێتەوە.



وشە - سلێمان تاشان