داوا لە جێبەجێکاری 150 مەتری دەکرێ هەڵەیەکی 120 مەتری دووبارە نەکاتەوە

:: PM:01:14:22/09/2019 ‌
گوتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر پێشنیارێك ئاراستەی كۆمپانیای جێبەجێكاری شەقامی 150 مەتری دەكات و رای دەگەیەنێت، ئەو هەڵەیەی لە شەقامی 120مەتری كردتان، لە شەقامی 150ی دووبارەی مەكەنەوە، چونكە پۆلیس باجەكەی دەدات.

ئەمڕۆ یەكشەم 22ی ئەیلوول، فازڵ حاجی گوتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر بە "وشە"ی راگەیاند، "پێشنیار دەكەم بۆ كۆمپانیای هێمن گرووپ كە جێبەجێكاری شەقامی بازنەی 150مەتری لە هەولێرە، ئەو هەڵەیەی لە شەقامی 120 مەتری كرا، لەوێش دووبارە نەبێتەوە، ئەو پارچە ئاسنەی بۆ پاراستنی ئۆتۆمبێل دانراوە، سوودێكی ئەوتۆیان نییە جگە لە پێشاندانی سیمایەكی ناشیرین. 

زیاتر گوتی، بۆیە دەكرێت ئەو پارچە ئاسنانە بگۆڕێت بە پارچەی كۆنكرێتی گەورە كە لە زۆربەی وڵاتانی دەوروبەر هەیە و توانای راگرتنی تەواوی هەیە لە خراپترین حاڵەت ئەو پارچە كۆنكرێتانە شێوەی سپرینگی دروست دەكات و تەنیا لە شوێنی خۆیان دەجووڵێن و دەتوانرێت بە ئاسانی بهێڵرێتەوە لە شوێنی خۆیان.

گۆتەبێژەكە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان بەهۆی هەڵەی ئەو كۆمپانیایەوە ڕۆژانە باجەكەی دەدەن و ڕووداوی نەخوازراوی تێدا ڕوو دەدات.

شەقامی بازنەیی 150 مەتری درێژییەكەی 70 كیلۆمەترە، 42 كیلۆمەتر لە شەقامی 120 مەتری درێژترە، هەروەها شەقامەكە پێنج سایدە و هەر سایدێكی 14 مەترە، ساڵی ڕابردوو بەردی بناغەی دانرا، لەلایەن كۆمپانیایەكی ناوخۆ جێبەجێ دەكرێت.  



وشە - زریان تەها