كۆنفراسی حه‌وته‌می بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی.
هێڵی گۆڕانكاریی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی كوردستان، ئاراسته‌یه‌كی ناڕازیی ناو ئه‌و حزبه‌یه و ئه‌گه‌رچی ماوه‌ی شه‌ش مانگه چوونه‌ته‌وه ناو بزووتنه‌وه، به‌ڵام وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن، له جێبه‌جێكردنی مه‌رجه‌كانیان و كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ڕابه‌ردا "ده‌ستی ده‌ستی"یان پێ ده‌كرێت و له‌وباره‌یه‌شه‌وه دوا هۆشداری ده‌ده‌نه ڕابه‌ری حزبه‌كه‌یان.
له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له 30ی ئه‌یلوولی ساڵی 2018 و ده‌ركه‌وتنی ئه‌نجامه‌كانی، ناكۆكیی كه‌وته ناو ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسیی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی، به‌و هۆیه‌وه شه‌م ئه‌ندامی مه‌كته‌ب سیاسی‌یان هێڵی گۆڕانكارییان له ناو بزووتنه‌وه‌دا ڕاگه‌یاند و داوای چاكسازی و وازهێنانی ڕابه‌ریان ده‌كرد.
دوای شه‌ش مانگ له ناكۆكییه‌كان، ناوه‌ڕاستی ئه‌مساڵ 2019 ئه‌و ناڕازییانه به كۆمه‌ڵێك مه‌رجه‌وه چوونه‌وه ناو حزبه‌كه‌یان، به‌ڵام ئێسته ده‌ڵێن مه‌رجه‌كان جێبه‌جێ نه‌كراون و دووباره هۆشداری ده‌ده‌نه‌وه مه‌كته‌ب سیاسی و ڕابه‌ری بزووتنه‌وه.
شه‌ش مانگه ده‌ستی ده‌ستیمان پێ ده‌كرێت
سه‌رباز خۆشناو گوته‌بێژی هێڵی گۆڕانكاریی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی كوردستان به"وشه"ـی ڕاگه‌یاند، له شه‌ش مانگدا كه ناڕازییه‌كانی بزووتنه‌وه گه‌ڕاوینه‌ته‌وه ناو حزب، ته‌نیا یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ی برایه‌تی كراوه و زۆر ده‌مێكه داوامان كردووه له‌گه‌ڵ ڕابه‌ر دابنیشین بۆ جێبه‌جێكردنی خاڵه‌كانمان، به‌ڵام تا ئێسته ئه‌و دانیشتنه نه‌كراوه."
خۆشناو وه‌ك خۆی ده‌ڵێ، "جارێ وه‌ك هێڵی گۆڕانكاری قسه له‌سه‌ر ئه‌وه نه‌كراوه ئایا ئه‌گه‌ر دانیشتنه‌كه نه‌كرێت هه‌ڵوێستمان چی ده‌بێت، به‌ڵام بێگومان ده‌مێكه چاوه‌ڕێی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌ین و جگه له كۆبوونه‌وه‌یه‌كی برایه‌تی كه ته‌نیا بۆ نزیكبوونه‌وه و ئاشته‌وایی بوو، كۆبوونه‌وه‌ی تر نه‌كراوه."
له خوله‌كانی ڕابردووی په‌رله‌مانی كوردستاندا بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی كورسییه‌كی هه‌بوو، به‌ڵام له‌م خوله‌دا كه له‌گه‌ڵ یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان لیستی "ئیسڵاح"یان هه‌بوو، نه‌یتوانی كورسییه‌كه به ده‌ست بێنێته‌وه، ئه‌وه‌ش ناڕه‌زایه‌تیی ناو بزووتنه‌وه‌ی ته‌قانده‌وه و هێڵی گۆڕانكاری ئۆباڵی شكسته‌كه‌یان خسته ئه‌ستۆی ڕابه‌ره‌كه‌یان.
ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسیی بزووتنه‌وه له هێڵی گۆڕانكاری كه نه‌یویست ناوی بنووسین، به"وشه"ـی گوت، "ئێمه هه‌ستمان كردووه ده‌ستی ده‌ستیمان پێ ده‌كرێت، چونكه سێ جار داوامان له مه‌كته‌بی سیاسی كردووه له‌گه‌ڵ ڕابه‌ر دابنیشین بۆ دۆزینه‌وه‌ی میكانیزمه‌كانی ئه‌و وه‌ره‌قه چاكسازییه‌ی پێمان بوو، به‌ڵام تا ئێسته وه‌ڵام نه‌دراوینه‌ته‌وه و له شه‌ش مانگیشدا هیچ بیانوویه‌ك نییه تا پێمان بڵێن له‌به‌رئه‌وه ڕابه‌ر له‌گه‌ڵتان دانانیشێت."
دووپاتی كرده‌وه، "كۆتا جار هه‌فته‌ی ڕابردوو ڕابه‌رمان له ڕێی مه‌كته‌بی سیاسییه‌وه ئاگه‌دار كردووه‌ته‌وه كه ئه‌و دانیشتنه نه‌كرێت و وه‌ره‌قه چاكسازییه‌كه‌مان نه‌خرێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه له ناو بزووتنه‌وه، ئه‌وا ئێمه هه‌وڵی به‌ستنی كۆنگره ده‌ده‌ین و هێڵی گۆڕانكاری له‌ناو بزووتنه‌وه‌دا ده‌كه‌ین به فه‌رمی."
به‌پێی زانیارییه‌كانی "وشه"، داواكارییه‌كانی هێڵی گۆڕانكاری خۆی له ئه‌نجامدانی كۆنگره و خۆهه‌ڵنه‌بژاردنه‌وه‌ی ڕابه‌ر، چاكسازیی كارگێڕی و ڕێكخستنه‌وه‌ی كاروباری حزبیی بزووتنه‌وه، شه‌فافی له داهات و خه‌رجیدا، گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بڕیار بۆ ئۆرگانه شه‌رعییه‌كانی بزووتنه‌وه و ڕێگرتن له تاكبڕیاری، هه‌روه‌ها ڕوونبوونه‌وه له دید و سیاسه‌تی بزووتنه‌وه و چاكسازی له ڕاگه‌یاندن و پێوه‌ندییه‌كاندا ده‌بینێته‌وه.
هه‌رچی باڵی ڕابه‌ر و مه‌كته‌بی سیاسیی بزووتنه‌وه‌ن، ئه‌و گله‌ییانه به "ڕۆتین" ناو ده‌به‌ن و دڵنیاییش ده‌ده‌ن كه پرسی ئاشته‌وایی له‌ناو بزووتنه‌وه و له‌گه‌ڵ هێڵی گۆڕانكاریدا كۆتایی هاتووه و هیچ كێشه‌یه‌ك نه‌ماوه.
ئه‌حمه‌د گه‌رمیانی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی به"وشه"ـی گوت، "پرسی ئاشته‌وایی له‌ناو بزووتنه‌وه‌دا كۆن بووه و هیچ كێشه‌یه‌ك نه‌ماوه، كۆبوونه‌وه كراوه و هه‌موو نیگه‌رانییه‌كان ڕه‌ویونه‌ته‌وه و ئه‌وان هاتوونه‌ته‌وه ناو بزووتنه‌وه و له كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تیشدا ئاماده بوون."
له‌باره‌ی نیگه‌رانییه تازه‌كانی هێڵی گۆڕانكاریی، گه‌رمیانی گوتی "له هه‌موو حزبێكدا هه‌ندێ ڕه‌خنه و گله‌یی هه‌ر ده‌مێنن و ئه‌وانه زۆر سروشتین و ڕۆتینن، بۆ كۆبوونه‌وه دیاره هه‌ندێ بڕیار هه‌ن ڕاسته‌وخۆ جێبه‌جێ ناكرێن و پێویستیان به كاته، بۆیه پرسی ئاشته‌وایی كۆتایی هاتووه و ئه‌وه پرسێكی جیایه له دیدی ئێمه‌دا و ئه‌و بابه‌ته داخراوه."
وشه/ سلێمانی- هه‌ستی كه‌مال