رفاندن و كوشتن لە گوندەكانی سنووری خانەقین سەر هەڵدەداتەوە

:: AM:09:04:10/11/2019 ‌

ماوەی چەند رۆژێكە چەكدارانی داعش بە سوودوەرگرتن لە لاوازیی میلیشیا شیعەكان و هێزەكانی عێراق، دەستیان كردووەتەوە بە ئەنجامدانی كردەوەی تیرۆریستی. دوای رفاندنی قوتابییەكی زانكۆ و فەرمانبەرێكی شارەوانی لە سنووری خانەقین، مەترسییەكان زیاتر بوون و خەڵك ماڵوحاڵی خۆیان بەجێ دێڵن.

دیار شەكەوت بەڕێوەبەری پۆلیسی شارۆكەی خانەقین، بۆ "وشە"ی ئاشكرا كرد، یەكەم حاڵەتی رفاندن لە سنووری خانەقین لە كۆتا رۆژەكانی مانگی رابردوو ئەنجام درا، ئەویش رفاندنی قوتابیەكی زانكۆ بوو بەناوی محەمەد ئەیووب.

ئەو گوتی، گوندی شەفیق كە كردەوەی رفاندنی تێدا ئەنجام درا، هێزی حەشدی شەعبی لێ بوو نەك پۆلیس، بەڵام خەڵك پەنجەی تۆمەت بۆ داعش رادەكێشن كە گەنجەكەی رفاندبێت.

بەڕێوەبەری پۆلیسی خانەقین باسی لەوەش كرد، داعش كردەوە تیرۆریستییەكانی وەك كوشتن و رفاندن دەخاتە شەوانەوە، ئەوەش هۆكارێكە بۆ ئەوەی پاش ئەنجامدانی تاوانەكان بتوانن هەڵبێن. دووپاتیشی دەكاتەوە "تا ئێستە هیچ سۆراغێكی ئەو گەنجە نییە كە رفێنرابوو، ئەوەش ترس و دڵەڕاوكێی لای خێزانەكەی و خەڵكیش دروست كردووە".

داعش تاكتیكی جۆربەجۆر بەكار دێنێ بۆ ئەنجامدانی كردەوەی تیرۆریستی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان. هەرچەندە ئەو رێكخراوە تیرۆرستییە خاكی بەدەستەوە نەماوە، بەڵام بەشێوەی كردەی بچووك بەردەوامە لە چالاكی.
مەحموود دەلۆ كارگێڕی لیژنەی ناوچەی گوڵاڵەی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ "وشە" ئاماژەی بەوە دا، داعش ئێستە هەوڵ دەدا كردەوە تیرۆریستییەكانی یەك لە دوای یەك ئەنجام بدات، بۆ ئەوەش تاكتیكی نوێ بەكار دێنێ، بۆ نموونە لەیەك كاتدا تاوانی كوشتن و رفاندن ئەنجام دەدا تا كردەوەكانی زیاتر دەنگدانەوە و مەترسی لێ بكەوێتەوە".

بەڵام خەلیل خوداداد ئەندامی مەڵبەندی خانەقینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بۆ "وشە" دەڵێ، ئێستە دۆخی شڵەژاوی عێراق هەندێك لە هێزەكانی حەشدی شەعبی سەرقاڵ كردووە و نازانن چۆن رووبەڕووی ئەو دۆخە ببنەوە كە عێراقی تێكەوتووە، بەو هۆیەشەوە هێندە ئاگادارن لە سنووری جەلەولا هێزەكانیان سەرقاڵ بوون بە رێگریكردن لە ئەنجامدانی خۆپێشاندانی هاووڵاتییان.

بەردەوامی كردەوەكانی رفاندن و كوشتن لەلایەن داعشەوە، بووەتە هۆكارێك تا گوندنشینانی گوندی ئیسڵاح لە سنووری شارەدێی گوڵاڵە سەربە شارۆكەی خانەقین، لە هەوڵی چۆڵكردنی گوندەكەیاندا بن. 

ئەو بەرپرسەی یەكێتی رۆڵی هێزەكانی سوپا و پۆلیسی عێراق و هێزەكانی حەشدی شەعبی بە لاواز وێنا كرد و پێی وایە، "توانای بەرگریكردنیان نییە لە ناوچەكە، بگرە خۆشیان پێ ناپارێزرێت".

سەمیر محەمەد نوور سەرۆكی ئەنجوومەنی شارەوانی خانەقین، بۆ "وشە" ئەوەی خستەڕوو، كردەوە تیرۆریستییەكانی داعش لە ئاكامی نەمانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ناوچە كوردستانییەكانی سنووری خانەقین بەردەوامە.

"جگەلەمە، پاش ئەوەی مانگی رابردوو داعش گوندی شەفیقی لە سنووری خانەقین كردە ئامانج و گەنجێكی گوللەباران كرد بەناوی عەلی عەبد عەلی، گەنجێكی تریشی بەناوی محەمەد ئەیووب رفاند، دوای دوو رۆژ ئەو گوندە بەتەواوی چۆڵ كرا" سەمیر وای گوت.

 بەگوتەی ئەو، هاوشێوەی كاتەكانی حوكمی رەشی داعش و بەهێزی دەسەڵاتی لە 2014، جارێكی تر داعش دەركەوتووەتەوە و بووەتە مەترسی لەسەر ناوچەكە.
داعش بۆ پەیداكردنی پارە هانا بۆ رفاندن دەبات

سەرۆكی ئەنجوومەنی شارەوانی خانەقین باسی لەوەش كرد، "داعش بۆ پەیداكردنی پارە پاش لەدەستدانی سەرچاوەكانی وەك بیرە نەوتەكان، هانا بۆ رفاندن دەبات و دەیەوێ لەو رێیەوە پارەیشی دەست بكەوێت و گوندەكانیش چۆڵ بكرێن و ئەوانیش زیاتر تەراتێن بكەن".
سەمیر گوتی، تاكە ئومێد بۆ گەڕانەوەی سەقامگیریی ناوچەكە، گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستانە، بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان و سنووری خانەقین كە لە پاش 16ی ئۆكتۆبەری 2017 لە ناوچەكە نەمان و پاشان حەشدی شەعبی و سوپای عێراقی جێی گرتنەوە.

بەپێی بەدواداچوونی وردی "وشە" بەدەر لە  شارۆكەی خانەقین، لە سنووری شارەدێی جەبارە كە هاوسنووری دەشتی عوزێم و قەرەتەپەیە، داعش ماوەی هەفتەیەكە فەرمانبەرێكی شارەوانی رفاندووە و لە تازەترین پێشهاتدا بۆ ئازادكردنی داوای 70 هەزار دۆلار دەكات .

عەلی حەیدەر ئەفسەری هەواڵگری لە پۆلیسی دیالە، بۆ "وشە" روونی كردەوە، ئەو فەرمانبەرە لە گوندی ئاشتۆكان لەم شەوانەدا رفێنرا. داعش لەكاتی هەڵكوتانە سەر ئەو گوندەی شارەدێی جەبارە، تەقەیان لەو ماڵە كردووە و پاشان ئەو فەرمانبەرەیان رفاندووە.

ئەفسەرەكە لە زاری كەسێكی خێزانی رفێنراوەكەوە گواستییەوە، چەكدارانی داعش بۆ ئازادكردنی داوای 70 هەزار دۆلار دەكەن.
لە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ـەوە كە باڵێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە كردی، ناوچە كوردستانییەكان كەوتنە ژێر دەسەڵاتی میلیشیا شیعەكان و هێزە عێراقییەكانەوە، رۆژ لە دوای رۆژ دۆخی ئەو ناوچانە ناسەقامگیریی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێ. 
وەك لەناو خەڵكی ناوچەكەدا دەنگۆی هەیە، دوور نییە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بۆ دوورخستنەوەی كورد لە زێدی خۆی، لە پشتی ئەم پیلان و تیرۆرانە بێت.

وشە/بەدواداچوونی سەبری هۆرینی








وشە - وشه‌