ئەنجوومەنی سلێمانی: بڕیارەكەی سەرۆكی حكوومەت هەزاران هەلی كار فەراهەم دەكات

:: PM:11:23:12/11/2019 ‌

ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی خەرجكردنی پارە لە لایەن سەرۆكی حكوومەتی هەرێمەوە بۆ چەند پڕۆژەیەك لە پارێزگاكانی هەرێم، بە گرنگ دەزانێت و دووپاتی دەكاتەوە كە بەگەڕخستنەوەی پڕۆژەكان جیا لە پێشخستنی شارستانی و خزمەتگوزارییەكان، هەزاران هەلی كار دەرەخسێنێت.

كابینەی نۆ لە ئاوەدانكردنەوە و چاكسازی بەردەوامە
ئەمڕۆ سێشەم بەرزان محەمەد، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، خەرجكردنی ئەو بڕە پارەیەی كە مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بڕیاری لەسەر دا بۆ بەگەڕخستنەوەی سەدان پڕۆژە لە سنووری هەرچوار پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان، بۆ ئێستەی كوردستان و ئەو سەرەتایەی حكوومەت زۆر گرنگ و لەجێی خۆیدایە.

زیاتر گوتی، بە ئەنجامدانی ئەو پڕۆژانە لە ناوچە جیاجیاكان، سەرەڕای بەگەرخستنەوەی پڕۆژەكان، هاوكات هەلێكی زۆری كاریش دەڕەخسێنێت كە بەهۆیەوە هەزاران كەس سوودمەند دەبن لە پڕۆژەكان و كاریان دەست دەكەوێت.

محەمەد روونی كردەوە، سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بەڵێنی ئەوەی داوە كە بەپێی ئەو توانایانەی لەبەر دەستیاندایە، دەست بە كاركردن لە تەواوی پڕۆژەكان دەكەن، ئەوانەی لە رابردوو راگیراون و سەرۆكی حكوومەت پێی راگەیاندوون كە سەرەتا ئەو پڕۆژانە تەواو دەكرێن كە گرنگن و بەشێكی كەمی كارەیان ماوە، دواتر دەست بە كاركردن لە پڕۆژەكانی تر دەكەن.

بەم دواییە بە بڕیای مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پارە بۆ سەدان پڕۆژە لە هەر چوار پارێزگای هەرێمی كوردستان خەرج كرا بۆ كەرتە جۆراوجۆرەكان و لەناویاندا زۆرترین پارە بۆ پڕۆژەكانی سنووری سلێمانی تەرخان كرا.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل