بە دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بەغدا دەیەوێ‌ بەهێزتر دەربكەوێ‌

:: PM:04:53:13/11/2019 ‌

بەر لە دەستپێكردنی خۆپێشاندانەكان پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا یەكی نیسانی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان ئەنجام بدرێت، بەڵام دوای ئەوەی خۆپێشاندانەكان بەردەوامیان هەبوو دوێنێ سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا بە دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بۆ كاتێكی نادیار، ئەوەش دوای ئەوەی هەندێك لایەنی سیاسی ڕێككەوتن لەسەر مانەوەی عادل عبدولمەهدی سەرۆكی حكوومەت لە ترسی ئەوەی ئەگەر هەڵبژاردن لە داهاتوویەكی نزیك بەڕێوە بچێت هاووڵاتییان و شەقام سزایان دەدەن.

محەمەد شاكر ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە "وشە" گوت، خۆپێشاندەران داوای گۆڕینی هەندێك یاسایان دەكرد بەتایبەت یاسای هەڵبژاردن و هەڵبژاردنی كۆمسیۆنێكی تر، بەڵام  هەندێك لایەنی شیعی ئەو  دەرفەتەیان بە هەل زانی بۆ ئەوەی دەسەڵاتی ناوەندی بگەڕێنەوە، لامەركەزیەتی نەمێنێت، ئەویش بووەتە هۆی ئەوەی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دوابخرێ.

هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاكان نادەستوورییە

هاوكات موسەنا ئەمین ئەندامی پەرلەمانی عێراق پێی وایە بە هۆی ئەو باردوخەی عێراق و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی كە چەند بڕگەیەكی یاسای هەڵبژاردنی عێراقی هەڵوەشاندەوە، وای لە ئەنجوومەنی وەزیران كرد هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دوابخات.

موسەنا ئەمین بۆ "وشە" گوتی، خۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاكان نادەستوورییە بەشێكە لەو ئەجێندایە كە لە پشت ئەوەیە كە دەسەڵاتی ناوەند بگەڕێتەوە. بەڵام باوەڕ ناكەم لایەنی سیاسی لە پشت ئەو كارە بن.

دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان پێوەندی بەو ململانێیە لە نێوان شیعەكان خۆیان هەیە



بەردەوام بوونی خۆپێشاندانەكانی عێراق وای لە هەرسێ دەسەڵاتەكان كرد چەندان بڕیار دەربكەن یەكێك لەوانە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاكان كە ناستوورییە، هەروەها سەرۆكایەتی كۆمار پڕۆژە یاسایەكی نوێی بۆ هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق ناردووە بۆ پەرلەمانی عێراق، بەڵام تا ئێستە خوێندنەوەی یەكەمی بۆ نەكردووە.

محێدین حەسەن ئەندامی پەرلەمانی كوردستان پێی وایە ئەو بڕیارەی دوێنێ سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان پێوەندی بەو ململانێیە لە نێوان شیعەكان خۆیان هەیە.

دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 كورد لە ناوچەكانی مادەی 140 دەسەڵاتی سیاسی و كارگێڕی و سەربازی لە دەست دا، پرۆسەی تەعریب و پێشێلكاری بەرانبەر بە كورد بەردەوامی هەیە بە هۆی ئەوەی پارێزگارێكی عەرەب حوكمی ئەو شارە دەكات، هەرچەند پارتی و یەكێتی ڕێككەوتن لەسەر دانانی پارێزگارێكی تر، بەڵام تا ئێستە ئەو پارێزگارە دانەنراوە بە هۆی هەندێك گرفت، ئێستەش هەڵوەشاندنەوەی  ئەنجوومەنی پارێزگاكان و دواخستنی  هەڵبژاردنەكان بە بۆچوونی ئەندامێكی لیژنەی ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان، ئەوە مەترسییە لەسەر ئەو ناوچانە دەبێت حكوومەتی هەرێم و ناوەند ڕێكبكەون. چونكە ئەمە گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی ناوەندە.


 محێدین حەسەن بە "وشە"ی گوت، ئەو عەقڵەی لە عێراق هەیە بەرانبەر بە كێشەكانی كورد، هەمان ئەو عەقڵەی پێشووە، چونكە ئەوەی بڕیارانەی ئێستە لە بەغداوە دەدرێن زۆریان كاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر دەسەڵاتی سیاسی و كارگێڕی  هەیە لە ناوچە كێشە لەسەرەكان بەتایبەتیش دواخستنی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان.



وشە - زریان تەها