وەزارەتێكی تر داوای بەهەمیشەییكردنی فەرمانبەران دەكات

:: PM:12:15:17/11/2019 ‌
وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان داوا دەكات فەرمانبەرانی گرێبەستی وەزارەتەكەی بكرێن بە هەمیشەیی.

ئەمڕۆ یەكشەم 17ـی تشرینی دووەم، پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، لە وەزارەتی ئەوقاف دوو هەزار گرێبەست هەیە، بەڵام كەمترە لە دوو هەزار مامۆستای ئاینی گرێبەستن، ئەگەر فەرمانی بوونە بە هەمیشەییان دەربچێت هەموو فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە.

ئەگەر بارودۆخی دارایی كوردستان گونجاو بێت، ئەولەوییەت بۆ گرێبەستەكانە بۆ ئەوەی دابمەزرێن 
وەزیری ئەوقاف گوتی، بۆ دامەزراندن دەبێ بارودۆخی داراییش لەبەرچاو بگیرێت، ئەگەر بارودۆخی دارایی كوردستان گونجاو بێت، ئەولەوییەت بۆ گرێبەستەكانە بۆ ئەوەی دابمەزرێن .

ئاشكرای كرد، ئێستە ناتوانم پێشبینی بكەم فەرمانبەرانی گرێبەست دەكرێنە هەمیشەیی یاخۆ نا، لەبەر ئەوەی دەبێت ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی تاوتوێی ئەو پارەیە بكەن بۆ مووچەی ئەو فەرمانبەرانە، هەروەها حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پێشینەی كارەكانی دەبێت گرێبەستەكان بكاتە هەمیشەیی مافی خۆیانە گرێبەستەكان ببنە هەمیشەیی ئەگەر لە بودجە ئەو توانایە هەبێت.

ئەو گوتانەی وەزیری ئەوقاف لە كاتێكدایە ئێستە لیژنەیەك پێكهێنراوە بۆ هەڵسەنگاندنی ژمارە و توانای دامەزراندنی ئەو فەرمانبەرانە و پڕۆژەیاسایەكیش لە پەرلەمانی كوردستانە و خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە.



وشە - رامیار جەواد