سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان واژووی لەسەر سیستمی خێزانی جێگرەوە كرد

:: PM:01:41:17/11/2019 ‌
وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان واژووی لەسەر پڕۆژەی خێزانی جێگرەوە كردووە.

ئەمڕۆ یەكشەم 17ـی تشرینی دووەم، لە ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرا كراوە، كوێستان محەمەد وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بۆ واژووكردنی رێككەوتننامەی لێكتێگەیشتنی تایبەت بە پڕۆژەی خێزانی جێگرەوە، لەگەڵ ئانێت ڤان ئیخدۆم جێگری رێكخراوی ستێپی بەریتانی كۆبووەوە.

مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان واژووی سیستمی خێزانی جێگرەوە كردووە
زیاتر روون کراوەتەوە، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان واژووی سیستمی خێزانی جێگرەوە كردووە و بەمەش پاڵپشتی یاسایی ئەو پڕۆژەیە بەهێزتر دەبێت، كە یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیجییەكانی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لە بواری منداڵان.

ماوەی چەند مانگێكە وەزارەتی كار هەوڵ بۆ پڕۆژەی خێزانی جێگرەوە دەدات تا ئەو منداڵانەی هیچ كەسێكیان نییە، بدرێن بە خێزانێك بۆ چاودێریكردن تا تەمەنی 18 ساڵی، دواتر ئەو كەسە بڕیاری خۆی دەدات لەسەر مانەوەی لەو خێزانە.

 بەگوێرەی ناوەڕۆكی ئەو پڕۆژەیە، هەوڵ دەدرێت كە بەشێك لە منداڵانی بێ باوان بخرێنە باوەشی خێزان، ئەو پڕۆژەیە لە سنووری پارێزگای سلێمانی بگوازرێتەوە هەولێر و دهۆك و بە سیستمێكی تۆكمە كە لەلایەن وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی جێبەجێ دەكرێت.




وشە - رامیار جەواد