زۆرترین ناڕه‌زایی بۆ ئاماده‌كاری كۆنگره‌ی چواره‌می یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له كۆنفرانسی مه‌ڵبه‌نده‌كانه‌وه دروست بوو، ئێسته ئه‌و كه‌سانه‌ی كاندیدبوون بۆ كۆنگره و ده‌رنه‌چوون وازهێنان له‌ناو یه‌كێتی ڕاده‌گه‌یه‌نن و به‌شێكیشیان پێیان وایه، هیچ باڵێكی ئه‌و حزبه له پشتیان نه‌بووه، بۆیه ده‌رنه‌چوو.
دوێنی كۆنفرانسی مه‌ڵبه‌نده‌كانی یه‌كێتی به‌ڕێوه‌چوو، له كۆنفرانسی مه‌ڵبه‌نده‌كانی یه‌كێتی ده‌نگدان بۆ چوار هه‌زار و 886 ئه‌ندامی كۆنفرانسی مه‌ڵبه‌ند كرا كه هه‌زار و 740 كه‌س هه‌ڵده‌بژێردرێن وه‌ك ئه‌ندامی كۆنگره.
له‌كاتی جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان ناو مه‌ڵبه‌ند پڕكراوه له خه‌ڵكی تر
هێشتا چه‌ند سه‌عاتێك به‌سه‌ر كۆنفرانسه‌كاندا تێپه‌ڕنه‌ببوو ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه ده‌ستی پێ كرد كه دڵنیابوون له‌وه‌ی ده‌رناچن یان له‌لایه‌ن گرووپ و باڵه‌كانی ئه‌و حزبه‌وه پشتیوانی نه‌ده‌كران.
له مه‌ڵبه‌ندی كۆیه‌ی یه‌كێتی نه‌هرۆ عه‌لی ساڵح ئه‌ندامی كۆنفرانسه‌كان ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی ڕاگه‌یاندوو له‌وباره‌یه‌وه له واڵی تایبه‌تی له فه‌یسبووك نووسیویه‌تی، ئیتر ئازادم پێوه‌ندی به چ حزبێكه‌وه ده‌كه‌م". نه‌هرۆ وه‌ك خۆی باسی كردووه خێزانه‌كه‌یان چه‌ندان قوربانی و شه‌هیدی بۆ یه‌كێتی داوه، به‌ڵام ئێسته ئه‌و نه‌بووه به ئه‌ندامی كۆنگره.
ڕوونیشی ده‌كاته‌وه كه له‌كاتی جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان ناو مه‌ڵبه‌ند پڕكراوه له خه‌ڵكی تر كه ئاسایش بوون و ئه‌وه‌یشی به ته‌واوی پڕۆسه‌كه‌ی گوماناوی كردووه.
له‌لایه‌كی تره‌وه له مه‌ڵبه‌ندی سێی هه‌ولێری یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ناڕه‌زایی دروست بووه ڕێبین سه‌باح یه‌كێك له كاندیده‌كان بووه و ده‌رنه‌چوو بۆ كۆنگره له واڵی خۆی له فه‌یسبووك نووسیویه‌تی، ده‌رنه‌چووم بۆ كۆنگره، به‌ڵام منه‌تباری هیچ باڵ و لیستێك نیم و باڵمان نییه.
ڕێبین ڕه‌خنه‌ی له لیژنه‌ی هه‌ڵبژاردنی مه‌ڵبه‌ندی سێ گرتووه و ده‌ڵێت، هه‌ندێك شت ڕوویداوه كه قابیلی قبووڵ نییه.
یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان دوای ململانێیه‌كی زۆر بڕیاریدا كه ڕۆژی 21ی ئه‌م مانگه كۆنگره‌ی چواره‌م ببه‌ستێ.