هەڵمەتی دادپەروەری: خانەنشینی پلەباڵا هەڵوەشێتەوە و مووچەكانیان لە دوو ملیۆن دینار زیاتر نەبێت

:: AM:10:22:16/12/2019 ‌
چاوەڕوان دەكرێت كەمێكی تر ژمارەیەك چالاكی مەدەنی گردبوونەوەیەك لە بەردەم پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدەن و یاداشتێك لەسەر پڕۆژەی چاكسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رادەستی پەرلەمان بكەن.

لە 31ـیەكەمین گردبوونەوەی خۆیاندا، ئەمڕۆ دووشەم 16ى كانوونی یەكەم، هەڵمەتی دادپەروەری گردبوونەوەیەك لەسەر پڕۆژەیاسای چاكسازی ئەنجام دەدات كە هاوكاتە لەگەڵ دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان بۆ خوێندنەوەی یەكەمی پڕۆژەكەی حكوومەت.

مەبەست لە هەڵمەتەكە هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی پلەباڵاكانە 
رێباز گڕاوی ئەندامی گرووپی هەڵمەتی دادپەوەری بۆ "وشە" ئاماژەی بەوە دا، مەبەست لە هەڵمەتەكە هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی پلەباڵاكانە كە تا ئێستە هەڵمەتی دادپەروەری 31 گردبوونەوەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجام داوە.

زیاتر گوتی "ئەمڕۆ بە بەشداری چەندان چالاكی مەدەنی و خانەنشینان لە بەردەم پەرلەمان هەڵوێستی هەڵمەتی دادپەوەری رادەگەیەنین، رادەستی سەرۆكایەتی پەرلەمان و فراكسیۆنەكانی دەكەین".

بەپێی بەیاننامەكەی هەڵمەتی دادپەوەری كە كۆپی دەست "وشە" كەوتووە، ئامانج لە هەڵمەتەكە هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی پلەباڵا و كەمكردنەوەی مووچەی بنەڕەتییانە، ئاماژە بەوەش دراوە كە "زۆرجار بەڵێنمان وەرگرتووە، هەمووی راست نەبوون".

لە بەیاننامەكەدا رەخنەی ئەوە لە هێزە سیاسییەكان و ئەندامانی پەرلەمان گیراوە كە زۆرینەی هەوڵەكانیان لە پشتگیركردنی هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی پلەباڵا بۆ "خۆدەرخستن و دەنگ كۆكردنەوە بووە و تا هەنووكە یەك پەرلەمانتار و پلەباڵا لە تاقیكردنەوەكە دەرنەچوون كە لە خۆیانەوە دەست پێ بكەن".

هەڵمەتی دادپەوەری هەشت خاڵی لەسەر پڕۆژەی چاكسازی دەستنیشان كردووە، پێی وایە  دەبێت چاكسازی لە لووتكەوە دەست پێ بكات، مووچەی بنەڕەتی پلەباڵاكان بۆ نیوەی ئێستەی كەم بكرێتەوە و بەرزترین خانەنشینی پلەباڵا لە دوو ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.

لە خاڵی چوارەمی داواكارییەكانیان هێما بۆ بودجەی پارتە سیاسییەكان دەكەن و داوا دەكەن بودجەی مانگانەی ئەو پارتانەی بەرزترین بڕ وەدەگرن، لە ملیارێك دیناری مانگانە تێپەڕ نەكات و كۆی گشتی بودجەی پارتە سیاسییەكانیش 1%ـی بودجەی كوردستان زیاتر نەبێت. 

هاوكات لە خاڵی پێنجەمدا داوای بڕینەوەی مووچەی بنەڕەتی وەك هەنگاوی یەكەم بۆی هەموو هاووڵاتییانی كوردستان دەكەن كە سەرچاوەی داهاتیان نییە و بڕەكەشی لەلایەن ئابووریناسانەوە دەستنیشان بكرێت. 

 لە خاڵی شەشەمی بەیاننامەكەیاندا داوا دەكەن كەمترین مووچەی خانەنشینی 500 هەزار دینار بێت، وەك ئەوەی لە عێراق پێڕەو دەكرێت كە ئەمە لە پڕۆژەكەی حكوومەت ئاماژەی پێ نەكراوە. 



وشە - فه‌رمان سادق