قەرزی بچووك دەست پێ‌ دەكاتەوە

:: PM:02:11:15/02/2020 ‌
وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، پێدانی قەرزی بچووك دەست پێ‌ دەكاتەوە، پڕۆژەیەك دراوەتە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان و بۆ وەزارەتی داراییان ناردووە، تا ئاستێك پەسەند كراوە.

نووسراومان داوەتە ئەنجوومەنی وەزیران و رەزامەندی لەسەر دراوە 
ئەمڕۆ شەموو 15ـی شوبات، كوێستان محەمەد وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆژەی قەرزی بچووك، پڕۆژەیەكی نووسراومان داوەتە ئەنجوومەنی وەزیران و رەزامەندی لەسەر دراوە.

وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی گوتی، لە رابردوودا لە رێی قەرزی بچووكەوە بڕی 70 ملیار دینارمان داوەتە گەنجان، بەڵام بەهۆی تەنگژەی دارایی پێدانی قەرزەكانمان راگیران، ئێستەیش پڕۆژەیەكمان داوەتە ئەنجوومەنی وەزیران، لەو قەرزانەی وەریدەگرینەوە، دووبارە دابەشی بكەینەوە بەسەر گەنجان و ئەنجوومەنی وەزیرانیش داواكەی ئێمەی ناردووە بۆ وەزارەتی دارایی و پێمان وایە ئەوانیش ڕەزامەند بوونە.

ئەوەشی ئاشكرا كرد، هەر كەسێك بیەوێ لەو قەرزە سوودمەند بێت، دەبێ پێشتر چەند خولێك ببینێ، تا لەو رێیەوە بتوانین زۆرترین هەلی كار بۆ گەنجان دەستبەر بكەین، كەمترین خولیش بەشداریكردنە لە دوو خولی ڕاهێنان.

لە ساڵی 2014وە پێدانی قەرزی بچووك لە هەرێمی كوردستان ڕاگیراوە، ئەوەیش بەهۆی تەنگژەی دارایی لە هەرێمی كوردستان.



وشە - رامیار جەواد