پلانی هێرشکردنە سەر 10 مزگەوت لە ئەڵمانیا پووچەڵ کرایەوە

:: PM:03:45:17/02/2020 ‌
باندێکی 12 کەسی کە سەر بە گرووپە راستە توندڕەوەکانی ئەڵمانیان، پلانی هێرشکردنە سەر چەند مزگەوت و سیاسەتمەدار و ژمارەیەک پەنابەریان هەبوو، لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە گیران.
تا ئیستا 20 کەس گیراون و پۆلیس بەدوای کەسێکی تردا دەگەڕێت

ئەمڕۆ دووشەم 17ی شوبات، ئاژانسی هەواڵی "بی بی سی" بڵاوی کردووەتەوە، 12 ئەندامی گرووپێکی توندڕەوی ئەڵمانی بەناوی "Der harte Kern" لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە گیراون کە نیازی هێرشکردنە سەر پەنابەران و 10 مزگەوتی مسوڵمانان لە 10 ویلایەتی ئەو وڵاتە و ژمارەیەک سیاسەتمەداری ئەڵمانییان بووە.

زیاتر روون کراوەتەوە، دوابەدوای گیرانی ئەو گرووپە، هەشت هاووڵاتی تریش بە تاوانی دابینکردنی پارە و چەک بۆ ئەو تاوانبارانە گیراون کە سەرجەمی گیراوەکان بە رەگەز ئەڵمانین.

ئاژانسی هەواڵی دویچەڤێلەی ئەڵمانی ئاشکرای کردووە، پۆلیسی ئەڵمانیا بەدوای ئەندامێکی تری ئەو گرووپەدا دەگەرێت کە لەکاتی گرتنی 12 تاوانبارەکە رای کردووە.

پۆلیسی ئەڵمانیا لە راگەیەنراوێک دا بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ناوی کەس بکات نووسیویەتی، ئەو گرووپە نیازیان هەبووە چەند سیاسەتمەدارێکی ئەڵمانی تیرۆر بکەن.

لە راگەیەنراوەکەی پۆلیس دا هاتووە، هاوکات پلانیان بۆ هێرشکردنە سەر جەند مزگەوت و ژمارەیەک لە پەنابەرانی مسوڵمان داڕشتووە.


وشە - هیدایه‌ت جان