شادی نەوزاد: لە سكاڵاكانم لەدژی شاسوار عەبدولواحید بەردەوامم

:: PM:09:19:22/02/2020 ‌

شادی نەوزاد ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان كە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی لەلایەن شاسوارەوە لێكرابوو رای دەگەیەنێت كە لە سكاڵاكانم نەكشاومەتەوە و پارێزەرەكانم خەریكی ئەو كەیسەن و بەردەوام دەبین.
ئەوانەی ئەو كارەیان كردووە دەبێت سزای یاسایی بدرێن
ئەمڕۆ شەموو، شادی نەوزاد، ئەندامی سەربەخۆی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، لەماوەی رابردوودا شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، هەڕەشەی لەئێمە كرد لەبارەی بڵاوكردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی.

زیاتر گوتی، لە سكاڵاكەم نەكشاومەتەوە و بەردەوامم و پارێزەرەكانم كاری لەسەر دەكەن و چاوەڕێی دادگە دەكەین بۆئەوەی بەپێی یاسا مافمان بۆ بگێڕێتەوە و ئەوانەیشی ئەو كارەیان كردووە سزای یاسایی بدرێن.

ئەو ئەندام پەرلەمانە كە پێشتر لە فراكسیۆنی نەوەی نوێ بووە و ئێستە جیا بووەتەوە، لەبارەی ئەو خۆپێشاندانەی شاسوار بەم دواییە بانگەشەی بۆ دەكات گوتی، لەداهاتوودا دەردەكەوێت كە ئەو خۆپێشاندانانە بۆ سوودی هاووڵاتییە یان نا.

ماوەی چەند رۆژێكە شاسوار عەبدولواحید بانگەشەی خۆپێشاندان دەكات و بەڕای هاووڵاتییان و كەسانی شارەزا، ئەو خۆپێشاندان و بانگەشەیە بۆ مەبەستی تایبەتی خۆیەتی و بە هاووڵاتییانی ئەنجام دەدات.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل