كێشەی چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستان ئاشكرا كرا

:: AM:11:46:24/02/2020 ‌
وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، بەهۆی زۆریی ژمارەی زیندانیان، کێشەی ناو چاکسازییەکان زۆر بوون.

ئەمڕۆ دووشەم 24ـی شوبات، كوێستان محەمەد وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، كێشەی ناو چاكسازییەكان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئێمە لە هەر شەش چاكسازیەكە زیندانیمان زۆرە، چاكسازی هەولێر، سلێمانی و دهۆك خۆی بۆ 900 زیندانی درووستكراوە، بەڵام ژمارەی زیندانییان زۆر زیاترە.

بیناكانی چاكسازی ژنان و منداڵان لە هەرسێ شارەكەدا زۆر كۆن و بچووكن 
وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی گوتی، لە هەولێر نزیكەی دوو هەزار زیندانی هەیە و لە  سلێمانی هەزار و 350 زیندانی و لە دهۆك دوو هەزار و 250 زیندانی هەیە.

ئاشكرای كرد، بیناكانی چاكسازی ژنان و منداڵان لە هەرسێ شارەكەدا زۆر كۆن و بچووكن بۆ ئەو سزادراوانەی تێیدا ماونەتەوە شیاو نین.

کوێستان محەمەد زیاتر ڕوونی کردەوە، لە دوو هەفتەی ڕابردوو بەشێك لە زیندانیان داوای گەڕاندنەوەی ئازاكردنی مەرجداریان کردووە، لە کاتێکدا ئەوە پێوەندی بە ئێمەوە نییە بەڵكو پێوەندی بە ئەنجوومەنی دادوەری هەیە و دەبێ بڕیاری لەسەر بدەن.



وشە - رامیار جەواد