وەزارەتی ئەوقاف لەبارەی ڕاگرتنی وتاری هەینی بڕیاری دا

:: AM:10:17:26/02/2020 ‌
بەرپرسێكی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، وتاری هەینی نەوەستاوە و تایبەتیش بە كۆرۆنا دەبێت.

ئەمڕۆ چوارشەم 26ـی شوبات، نەبەز ئیسماعیل گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی لەسەر ڕاگرتنی وتاری هەینی هەیە، ڕەتیان دەكەینەوە.

هیچ بڕیارێك لەبارەی ڕاگرتنی وتاری هەینی لە مزگەوتەكانی هەرێمی كوردستان نەدراوە 
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف گوتی، هیچ بڕیارێك لەبارەی ڕاگرتنی وتاری هەینی لە مزگەوتەكانی هەرێمی كوردستان نەدراوە، وتاری هەینیش ئەمڕۆ بۆ مزگەوتەكان دێتە ناردن.

ئاشكرای كرد، وتاری هەینی تایبەت دەبێ بە ڕێنوێنیی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەبەرچاوگرتنی ڕێنوێنییەكانی وەزارەتی تەندروستی لەلایەن بەشدارانی وتار كە پێشنوێژ پێشكەشی دەكات بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا.

لە كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیران، داوا لە هاووڵاتییان دەكات كە هاوكاری  جێبەجێكردنی پلان و رێنوێنییەكانی‌ داودەزگا پێوەندیدارەكانی حكوومەت بن، رێنوێنییەكانی‌ خۆپارێزیش لەبەرچاو بگرن و جێبەجێی بكەن، پشووی لە ناوەندەكانی خوێندنی بۆ یەك مانگ ڕاگەیاند.



وشە - رامیار جەواد