بازاڕی نەوت دیسان بەرگی سووری پۆشی

:: AM:11:31:26/02/2020 ‌


نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا لە دابەزیندایە و نزمترین نرخی لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوو تۆمار كرد. هەفتەیەكە چارتی گۆڕانكاری نرخی نەوت بە رەنگی سوور دادەخرێت.

ئەمڕۆ چوارشەم هاوشێوەی رۆژانی رابردوو نرخی نەوت رووی لە دابەزین كردووە و لە سەرەتای ئەم هەفتەیەی بازاڕی بۆرسەوە، چوار دۆلار لە نرخەكەی دابەزیوە.
هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە 54 دۆلار و 44 سەنت دەفرۆشرێت

بەگوێرەی livechart  ئێستە هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە 54 دۆلار و 44 سەنت دەفرۆشرێت، لە كاتێكدا سەرەتای هەفتە نرخەكەی 58 دۆلار و 40 سەنت بوو.

هۆكاری سەرەكی دابەزینی نرخی نەوت لە بازارەكانی دنیا بۆ بڵاوبوونەوە و تەشەنەكردنی زیاتری ڤایرۆسەكە لە ئاستی زۆربەی كیشوەرەكان دەگەڕێتەوە.

لە چەند رۆژی رابردوودا ڤایرۆسەكە بە خێرایی لە ئەوروپا و ئەمەریكا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاو بووەتەوە، ئەمەش نیگەرانیی بازاڕەكانی لێ كەوتووەتەوە.

دوو هەفتە پێشتر نرخی نەوت بە رەنگی سەوز دادەخرا. قسەكردن لەسەر دۆزینەوەی دەرمانی دژە كۆرۆنا و دابەزینی رەوتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە لە چین، تا ئاستێك بازاڕی نەوتی هەستاندبووەوە.



وشە - سلێمان تاشان