نێرگەلەکێشان لە شوێنە گشتییەکانی هەولێر قەدەغە كرا

:: PM:01:49:26/02/2020 ‌
وەك هەنگاوێك بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، قایمقامی هەولێر ئاشكرای دەكات، كێشانی نێرگەلە لە شوێنە گشتییەكان قەدەغە كرا.

ئەمڕۆ چوارشەم 26ـی شوبات، نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بۆ پاراستنی تەندروستی گشتی، نێرگەلەكێشان لە شوێنە گشتییەكانی هەولێر قەدەغە دەكرێت.

شوێنەكەی دادەخرێت و سزا دەدرێت 
قایمقامی هەولێر گوتی، لە رۆژی یەكشەم بڕیارەكە جێبەجێ دەكرێت و هەر شوێنێكیش پابەندی بڕیارەكە نەبێت، شوێنەكەی دادەخرێت و سزا دەدرێت، ئەوەیش هەنگاوێكە بۆ ڕێگریكردن لە بڵاونەبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

ئاشكرای كرد، هەر شتێك پێویست بێت تا ڕێگری لە بڵاونەبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە بكرێت، ئەنجامی دەدەین.

ئەو بڕیارەی قایمقامی هەولێر لە كاتێكدایە دوێنێ‌ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا لە رۆژی چوارشەم رێكەوتی 26ی شوبات، لە سەرجەم ناوەندەكانی خوێندن، قوتابخانە، باخچە، پەیمانگا حكوومی و تایبەتییەكانی هەرێمی كوردستان، تا رۆژی 10ی ئادار بكرێتە پشوو.

لە بڕیارەكەی ئەنجوومەنی وەزیران ئاشكرا كراوە، لە زانكۆ و پەیمانگا حكوومی و تایبەتەكانیش، لە رۆژی شەموو 29ی شوبات تا 10ی ئادار پشووی فەرمی دەبێت. دواتریش لە 11 تا 23ی ئادار پشووی ساڵانەی بەهار دەبێت و لە رۆژی 24ی ئادار پرۆسەی خوێندن دەست پێ دەكاتەوە.


وشە - رامیار جەواد