سەرچاوەیەك: رێككەوتن لەسەر بەتاڵهێشتنەوەی وەزارەتەكانی كورد و سوننە هەیە

:: PM:04:35:01/03/2020 ‌

ئەمڕۆ دانیشتنی نائاسایی پەرلەمانی عێراق بۆ متمانەدان بە كابینەی حكوومەتی محەمەد عەلاوی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو ساز دەكرێت لەناو ناڕەزایی سوننە و كورد و بەشێك لە شیعەكان، سەرچاوەیەك ئاماژە بۆ بوونی رێككەوتنێك دەكات بەوەی دەنگدانی ئەمڕۆ تەنیا وەزیرانی شیعە بگرێتەوە.
شیعە دەیانەوێ حكوومەت تێپەڕێنن و ناكۆكییەكان لەگەڵ كورد و سوننە دوابخەن
ئەمڕۆ محەمەد عەلاوی لیستێكی تری وەزیرانی كابینەكەی داوەتە پەرلەمان كە لە 16 وەزارەت پێكهاتووە، واتە وەزیرانی تایبەت بە كورد و سوننەی بە بەتاڵی هێشتووەتەوە.

ئاژانسی فەرمی دەنگوباسی عێراق ئەمڕۆ یەكشەم رای گەیاندووە كە رێككەوتنێك كراوە بۆ متمانەدان بە حكوومەتی محەمەد عەلاوی و هێشتنەوەی وەزارەتەكانی تایبەت بە كورد و سوننە بە بەتاڵی، بەپێی سەرچاوەی تر ئەو رێككەوتنە لەلایەن فراكسیۆنەكانی شیعە جیا لە دەوڵەتی یاسا كراوە كە ئەوان لە بارەگای رەوتی حیكمەی نیشتمانی كۆبوونەتەوە و هەریەك لە نوێنەرانی سائیروون و بەدر سەنەد و عەتا و سادیقوون بەشداریان كردووە.

ئەوە لەوكاتەی بەپێی سەرچاوەكان هەریەك لە فراكسیۆنە كوردستانییەكان و یەكێتی هێزە عێراقییەكانی سوننە و دەوڵەتی یاسا و نەسڕ نەچوونەتە ناو هۆڵی پەرلەمان بەمەبەستی شكاندنی نیسابی دانیشتنەكە، لەوكاتەی محەمەد حەلبووسی و دوو جێگرەكەی لەناو پەرلەمانن بۆ سازكردنی دانیشتن، لەناو ئەگەری دواخستنی دانیشتنەكە بۆ سەعات شەشی ئێوارەی ئەمڕۆ تا كاتی تەواوبوونی نیساب، لە بوونی ئەگەرێمی تری دواخستنی دانیشتنەكە بۆ چوارشەمی داهاتوو.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل