پارتی یه‌كێتیی دیموكرات "په‌یه‌ده" له دواین كۆنگره‌ی خۆیدا به سیاسه‌ت و به‌رنامه‌كانیدا چووه‌ته‌وه و هه‌وڵی داوه هه‌ژموونی په‌كه‌كه به‌سه‌ر خۆیه‌وه كاڵ بكاته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ش له بڕیار و هه‌ڵوێسته‌كانیدا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه. ئه‌مه‌ریكا به هۆكاری سه‌ره‌كی داده‌نرێت بۆ ئه‌و بڕیاره‌ی په‌یه‌ده.
له‌و كۆنگره‌یه‌دا كه په‌یه‌ده ٢٤ی شوباتی ئه‌مساڵ له ڕمێلان ئه‌نجامی داوه، گۆڕانكاری له به‌شێك له سیاسه‌ته‌كانیدا كردووه و به پێچه‌وانه‌ی بڕیار و هه‌ڵوێسته‌كانی پێشتری، به‌شێكی به‌رچاوی كارنامه‌ی حزبه‌كه‌ی، باس له چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان پارته سیاسییه كوردییه‌كان و ئه‌نجامدانی گفتوگۆ ته‌رخان كردووه.
دواتر به كرده‌وه نه‌رمیی به‌رانبه‌ر ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانیی كورد له سووریا "ئه‌نه‌كه‌سه" نواندووه، بۆیه ئه‌نه‌كه‌سه ئۆفیسه‌كانیان له ڕۆژئاوای كوردستان كردوونه‌ته‌وه.
هه‌ر له چوارچێوه‌ی گۆڕانكارییه‌كان و كاڵكردنه‌وه‌ی هه‌ژموونی په‌كه‌كه له‌سه‌ریان، هه‌ریه‌كه له عایشه حه‌سۆ و ئه‌نوه‌ر موسلیم، كراون به هاوسه‌رۆكی ئه‌و پارته كه به‌رده‌وام ڕه‌خنه‌ی ئه‌وه‌یان لێ گیراوه كه‌متر گرێدراوی سیاسه‌ته‌كانی په‌كه‌كه‌ن له ڕۆژئاوای كوردستان.
په‌كه‌كه له لیستی ڕیكخراوه تیرۆریستییه‌كانی ئه‌مه‌ریكادایه
ئیبراهیم قه‌فتان سه‌رۆكی پارتی دواڕۆژی سووریا، به"وشه"ـی ڕاگه‌یاند، ئێمه به وردی چاودێریی كۆنگره‌ی په‌یه‌ده‌مان كرد و میوانیش بووین، هه‌وڵێك له به‌رنامه و سیاسه‌تی نوێیاندا هه‌یه به ئاراسته‌ی زیاتری چاكسازی و نزیكبوونه‌وه له لایه‌نه كوردییه‌كان، ئه‌وه‌ش ده‌كرێ وا ببینرێ كه له‌مه‌ودوا په‌یه‌ده خۆی سه‌ربه‌خۆیانه بڕیاری ته‌واو بدات و هه‌ڵسوكه‌وت بكات.
"ڕه‌نگه ئاسان نه‌بێت ئه‌و پارته ڕاسته‌وخۆ له‌ژێر فشاری په‌كه‌كه ده‌ربچێت، به‌ڵام ئه‌م كۆنگره‌یه بڕیاری گرنگی له‌وباره‌یه‌وه داوه كه پێشتر په‌یه‌ده به فشاری په‌كه‌كه ته‌واو دژی بوو، به‌تایبه‌ت نزیكبوونه‌وه‌یان له ئه‌نه‌كه‌سه و واڵاكردنی ده‌رگه بۆیان بۆ هاتنه‌وه‌یان بۆ ڕۆژئاوای كوردستان" قه‌فتان وای گوت.
ئێسته كه ئه‌مه‌ریكا هاوكاریی دارایی و مه‌شق و ڕاهێنان و دابینكردنی چه‌ك بۆ هه‌سه‌ده ده‌كات، فشاری گه‌وره‌یان له‌سه‌ر ئه‌و پارته هه‌یه بۆ ده‌رچوونیان له‌ژێر هه‌ژموونی په‌كه‌كه، چونكه په‌كه‌كه له لیستی ڕیكخراوه تیرۆریستییه‌كانی ئه‌مه‌ریكادایه، ئه‌وه‌ش وای له په‌یه‌ده كردووه له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی ئه‌و هه‌نگاوه بنێت.
به‌ڵام كێشه‌ی به‌رده‌م په‌یه‌ده له‌و ڕووه‌وه ئه‌وه‌یه كه هه‌ژموونی په‌كه‌كه زۆر به‌سه‌ریدا زاڵه و ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ ئه‌و هه‌نگاوه بنێت، په‌كه‌كه كێشه‌ی بۆ دروست بكات و وا بكات لانی كه‌م باڵێك له‌و هێزه جیا بكاته‌وه، بۆیه په‌یه‌ده و سیاسه‌توانانی ده‌بێ هه‌نگاوه‌كانی لابردنی ئه‌و هه‌ژموونه زیره‌كانه و له‌سه‌رخۆ بنێن.
هه‌ر له چوارچێوه‌ی دووركه‌وتنه‌وه‌ی په‌یه‌ده له هه‌ژموونی په‌كه‌كه، ئه‌و حزبه به ڕووی ئه‌نه‌كه‌سه‌دا كراوه‌ته‌وه و ئێسته له گفتوگۆدان و ئه‌نه‌كه‌سه ئۆفیسه‌كانی له ڕۆژئاوای كوردستان كردووه‌ته‌وه.
كاوه ئازیزی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی ئه‌نه‌كه‌سه، به"وشه"ـی گوت، "ئه‌نه‌كه‌سه بڕیاری داوه سه‌رجه‌م باره‌گاكانی له ڕۆژئاوای كوردستان بكاته‌وه، زۆرینه‌یشیان كراونه‌ته‌وه، ئاماژه‌كانی گفتوگۆكان دڵخۆشكه‌رن بۆ ئه‌وه‌ی ڕێككه‌وتن بكرێت و ناوماڵی كورد ڕێك بخرێت و كورد یه‌ك بگرێت".
له‌باره‌ی گۆڕینی سیاسه‌تی په‌یه‌ده، ئارێزی گوتی، "هیچ ڕێچاره‌یه‌ك نییه له به‌رده‌م په‌یه‌ده‌دا گفتوگۆ نه‌بێت، ئێسته ئه‌وان له مه‌ترسیی ئه‌و لێكترازانه تێگه‌یشتوون، بۆیه ئاماده‌ی گفتوگۆن، به‌ڵام په‌یه‌ده له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه بڕیاریان بۆ ده‌درێت و خۆیان خاوه‌ن بڕیار نین، ئێمه پێمان وایه هه‌تا په‌یه‌ده له‌ژێر بڕیاری په‌كه‌كه‌دا بێت، ئێمه له سووریا بێ كێشه نابین و ناتوانین له‌گه‌ڵ یه‌كتر به ئاشتی و به‌هێزی بمێنینه‌وه".
پێشتر په‌یه‌ده ١٥٠ كادری باڵای ئه‌نه‌كه‌سه‌ی گرتبوو و نزیكه‌ی ٥٠ بارهگایشی داخستبوون، به‌ڵام ئێسته گیراوه‌كانی ئازاد كردوون و باره‌گاكانی ئه‌نه‌كه‌سه‌ش ده‌كرێنه‌وه. هه‌رچه‌نده نۆ سه‌ركرده‌ی ئه‌نه‌كه‌سه چاره‌نووسیان نادیاره.
وشه/ سلێمانی- هه‌ستی كه‌مال