لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە سلێمانی بڕیاری نوێی دا

:: PM:12:15:04/04/2020 ‌
لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا، بڕیاری دا ئەمڕۆ لە مزگەوتەكانەوە پەیامی خۆپارێزیی و خۆڕاگریی و پابەندبوون بە ڕێنوێنییە تەندروستی و كارگێڕیی و ئارامییەكان بدرێ.

ئەمڕۆ شەموو چواری نیسان، لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنی پارێزگای سلێمانی بڵاوی كردووەتەوە، لە سەعات 12ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا، بەهاوئاهەنگیی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقافی پارێزگای سلێمانی، لە مزگەوتەكانەوە پەیامی خۆپارێزیی و خڕاگریی و پابەندبوون بە ڕێنوێنییە تەندروستیی و كارگێڕیی و ئارامییەكان و قەدەغەكردنی هەموو جووڵەیەك بەپێی بەیانی ژمارە 24ی وەزارەتی ناوخۆ دەست پێ دەكات.

لە سەعات 12ی نیوەڕۆی ئەمڕۆدا، زەنگی ئاگاداركردنەوە بۆ هەمان مەبەست لێ دەدرێت
ڕوون كراوەتەوە، لە هەمان كاتدا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سلێمانییەوە لە سەعات 12ی نیوەڕۆی ئەمڕۆدا، زەنگی ئاگاداركردنەوە بۆ هەمان مەبەست لێ دەدرێت.

باس لەوەش كراوە، پێویستە هەموو هاووڵاتییانی بەڕێز و كۆی داودەزگاكان پابەندی تەواوی بڕیار و ڕێنوێنییەكان بن.

بەپێی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سەعات 12ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ قەدەغەی هاتوچۆ و پیادە بۆ ماوەی 48 سەعات دەست پێ‌ دەكات.



وشە - رامیار جەواد